فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە هەرێم گۆڕانکاریی بەسەردادێت.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بە سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە ئێستادا داوە و ئاماژە بەوەدەکات کە سیستەمەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و رادەگەیەنێت، “کۆی بەرهەمی بەنزینی دابینکراو لەلایەن حکومەتەوە رۆژانە سێ ملیۆن لیترە. لەسەدا 40 بۆ هەولێر، لە سەدا 40 بۆ سلێمانی و لەسەدا 40ـیش بۆ دهۆکە”.
هاوکات فەرمانگەی میدیا و زانیاریی رایگەیاندووە، “گۆڕانکاریی لە سیستەمی دابەشکردنی بەنزین دەبێت و ئەو گۆڕانکارییەش لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکان دەبێت. لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە. ملیۆنێک و 775 هەزار و 145 ئۆتۆمبێل بە بەنزین کار دەکەن”.
لە بەردەوامی گرتەکەدا ئەوەش هاتووە، “ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە بەنزین کار دەکەن لەسەدا 55ـیان لە هەولێرە، لەسەدا 31ـیان لە سلێمانییە و لەسەدا 13ـش لە دهۆکە”.
لەبارەی گۆڕانکارییەکە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی دەڵێت، “لەمەودوا دابەشکردنی بەنزینی بەرهەمهاتوو بەو جۆرە دەبێت: لەسەدا 57.2 بۆ هەولێر، لەسەدا 29.3 بۆ سلێمانی و لەسەدا 13.5ـیش بۆ دهۆک دەبێت”.