نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئیبراھیم رەئیسی و محەمەد بن سەلمان ئەنجامداوە.
راشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا، محەمەد شیاع سوودانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ئیبراھیم رەئیسی و محەمەد بن سەلمان کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ھیوای خواستووە سوود لەرەوشی ئارامی سیاسی لە ناوچەکە وەربگیرێت، ئەوەیش لەپێناو خێر و ئاشتیی بۆ ھەموو گەل و وڵاتانی دۆست و برا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکۆماری ئێران و جێنشینی سعوودیە جەختیان کردووەتەوە لە گرنگی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەر سێ وڵات، بەشێوەیەک ببێتە ھۆی پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و زیاتر بەرجەستەکردنی ئاسایش لە ناوچەکە.