محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو پێشوازی لە جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد و دۆخی سیاسی داهاتووی عێراقیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “لەمیانی دیداری سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی وڵات بە گشتی کراوە و جەخت لە یارمەتیی نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی لە عێراق کراوەتەوە”.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، سوودانی رایگەیاندووە، “لەمیانی پلانەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە”. ئەوەشی ئاشکراکردووە، “حکومەتی داهاتووی عێراق پێداگری لەسەر داواکاری گەل و خواستی گەنجان دەکاتەوە لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کاردەکەن بۆ زیاتر بەرەوپێش بردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کە سەروەری عێراقی تیادا پارێزراو بێت”.
لەکۆتاییدا، پلاسخارت پیرۆزبایی لە سوودانی کردووە بەبۆنەی ئەرکە نوێیەکەی و پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ دووپاتکردووەتەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.