محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هێرش و بۆردومانەکان بۆسەر قوڵایی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆردومانەکان بە رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵ نەبوون و هەموو هێرشێکیش بۆسەر خاکی عێراق رەتدەکاتەوە.
محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرۆکوەزیران نیگەرانی قووڵی خۆی لە دووبارەبوونەوەی بۆردومانکردنی شارەکانی هەرێم دەردەبڕێت و دەڵێت، “هەموو هێرشێک بۆسەر خاکی عێراق رەتدەکەینەوە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “بڕیارمان لەبارەی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق دەبێت و رێوشوێنیش بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان دەگرینەبەر”.
سوودانی دەشڵێت، “هێرشەکان بە رەزامەندی حکومەتی عێراق نەبووە، بۆیە لە دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەمان دەبێت بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان”.
هاوکات، ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2022، جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، بەردەوامی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێم، “چیتر شیاوی قبووڵکردن نییە” و پێویستە عێراقییەکانیش بەرامبەر هێرشەکان یەکڕیز بن، جەختیش دەکاتەوە کە عێراق بۆ ئەوەی لە دەرەوە بەهێز بێت، دەبێت لە ناوخۆدا لایەنەکان پشتیوانی یەکتر بکەن و یەکڕیز بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکگرتوویی عێراقییەکان پێویستە بۆ ئەوەی بوار بە هێرشی “دوژمنکارانە”ی زیاتر نەدرێت، جەختیش دەکەوە کە “بەهێزی لە دەرەوە، پێویستی بە پاراستنی یەکێتی و یەکڕیزی لەناوخۆدا هەیە”.
دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشیکردەسەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و جێژنیکان لە بەحرکەی هەولێر(ئەربیل)، هەروەها بارەگاکانی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش لە زڕگوێز کرانە ئامانج، لە هێرشەکەی کۆیەشدا پێشمەرگەیەک شەهیدبوو.