محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشێوەیەکی مەیدانی بەرێوەچوونی کارەکانی نوژەنکردنەوەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵی بەسەرکردەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەمەد شیاع سوودانی کە دوێنێ هەینی بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای نەینەوا، بەمەبەستی ئاگاداربوون لەکارەکانی نوژەنکردنەوەی، سەردانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵی کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سوودانی بەشێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەرێوەچوونی کارەکانی نوژەنکردنەوەی فرۆکەخانەکە کرد کە بەدەستی تیرۆریستانی داعش وێرانکرا، هەروەها هەڵوەستەی لەسەر گرنگترین ئەو تەگەرە و کێشانە کرد کە رووبەڕووی پرۆژەکە دەبنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانەکەیدا ئاماژەی بەگرنگی فڕۆکەخانەکەدا وەک پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری ستراتیژیی کە نەک تەنها بۆ پارێزگای نەینەوا بەڵکو بۆ تەواوی پارێزگاکانی عێراق، هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ چالاککردنی جوڵەی بازرگانی و گواستنەوە و وەبەرهێنان و بەستنەوەی بە پرۆژەکانی دیکەوە کە حکوومەت لە پلانیدا هەیە لەم پارێزگایە ئەنجامی بدات، دووپات کردەوە.
سوودانی جەختی لەپێویستی بەگەرخستنی هەوڵەکانی گشت لایەنە پەیوەندارەکان بۆ تەواوکردنی قوناغەکانی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ و پێگیربوون بەکاتە دیاریکراوەکان بۆ تەواوکردنی قوناغەکانی کرد لەپێناو پەلەکردن لە بەگەرخستنەوەی فرۆکەخانەکە بە ئامانجی خستە خزمەتی چالاکییەکانی پرۆسەی بنیاتنانەوەی ژێرخانی دیکە و هاووڵاتییانی پارێزگاکە و گەشتیاران لەناوخی و دەرەوەی عێراقدا.