سوودانی: بەپێی دەستوور كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەکانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم دەکەم
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سوودانی: بەپێی دەستوور كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەکانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم دەکەم

سوودانی: بەپێی دەستوور كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەکانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم دەکەم

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
سوودانی: بەپێی دەستوور كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەکانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم دەکەم
0

لایک

راسپێردراو بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی داوای كرد پەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە و بەڵێنی ئەوەیشی دا کە بەپێی دەستوور كار دەکات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەکانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دوای وەرگرتنی نامەی راسپاردنی بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی عێراق لەلایەن سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید، محەمەد شیاع سوودانی وتارێکی پێشکەش کرد.

محەمەد شیاع سوودانی وتی: “بۆ من مایەی شانازییە ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە وەردەگرم و بەردەوام بین لە خزمەتکردنی خەڵک، بەجێگەیاندنی ئەرکەکەم و قەرزی عێراق و گەلە سەربەرزەکەیەتی دەکەوێتە ئەستۆم، سوپاسی هێزە سیاسییەکان دەکەم لە پشتگیرییکردنیان بۆ پێدانی متمانەمان بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ”.

راسپێردراو بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی عێراق ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی بۆ هەماهەنگیی له‌گه‌ڵ سەرجەم هێزه‌كان دووپات کردەوە، چ ئەوانەی نوێنەرایەتییان لە په‌رله‌ماندا هەیە یان له‌ پانتایی نه‌ته‌وه‌ییدابن، و رایگەیاند “به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ هاوبه‌شییە و بەرپرسیارییەتییەکەی له‌ ئه‌ستۆی هه‌مووانه‌، هه‌مووان رۆڵەی یه‌ک نیشمانین، و لە خۆشی و ناوخۆشیدا براین”.

محەمەد شیاع سوودانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، “رێگە بە دوورخستنەوە و پەراوێزخستن نادەین، ناکۆکییەکان رێگرن لە کاری دامودەزگاکان دەوڵەت، دەرفەتی زۆریش بۆ عێراقییەکان لە گەشەسەندن و بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەدا لەدەست دراوە”.

سوودانی لەبارەی هەنگاوی داهاتوویەوە دوا و وتی: “خواستی جددیم بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی دیالۆگی راستەقینە و ماناداردا رادەگەیەنم، ئەمەش لە رێگەی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەپێناو خزمەتکردنی گەلەکەمان و کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانیان”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەمەد شیاع سوودانی بەڵێنی ئەوەی دا کە هەموو تواناکانی خۆی بخاتەگەڕ لەپێناو پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز کە توانای جێبەجێکردنی بەرنامەی کارەکانی هەبێت ئەمەش بە هاوکاری هێزە سیاسییەکان بە کاندیدکردنی کەسانی کارا و پیشەیی و راستگۆ بۆ پۆستەکانی حکوومەت کە توانای جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان هەبێت.

سوودانی راشیگەیاند کە لە یەکەم کاتژمێرەکانی راسپاردنییەوە کارەکانی بەپێی بەرنامەیەکی حکوومی واقیعی کە چاکسازی ئابووری لەخۆدەگرێت بە ئامانجی بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ژینگە و بەبیابانبوون، دەست پێکردووە.

راسپێردراو بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی عێراق جەختی لەوەشکردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە پێشەنگی کارە لە پێشینەکانی حکوومەتەکەیدا دەبێت و بۆ ئەمەش داوای لە هەمووان کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و بەشداریی لە هەڵمەتێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکەن.

محەمەد شیاع سوودانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لەمبارەیەوە بەڵێنی ئەوەی دا کە بەپێی دەستوور كاربكات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەکانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

سوودانی جەختی لە هەوڵەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خۆجێی و پەرلەمانی لە کەشێکی ئازاد و بێگەرد و لە ژێر رۆشنایی سیستەمی هەڵبژاردنی شەفاف کە هەموو کە دڵنیایی بە سەرجەم رکابەرەکان بدات، کردەوە.

راسپێرداو بۆ پێکهێنانی کابینیەی نوێی حکوومەتی عێراق جەختی لە گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەت کردەوە و گوتی: “کاتی گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەت و سەپاندنی رێزگرتن لە یاسا، و راگرتنی خوێنڕشتن و بێ یاساییە بە هەموو ناو و شێوەکانییەوە هاتووە”.

محەمەد شیاع سوودانی پەیامێکی بۆ ئەو وڵاتانە نارد کە بە “وڵاتانی برا و دۆست” ناوی بردن و گوتی: “پەیامی ئێمە پەیامی هاوکاریی و لێکتێگەیشتن و هەماهەنگییە کە لە روانگەی سەربەخۆی نیشتمانیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و رێزگرتن لە سەروەری سەرچاوەی گرتووە”.

سوودانی جەختی لەوەشکردە کە نابێت خاکی عێراق ببێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێی.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، سەرۆککۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیی، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت نوێ راسپارد.