محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لێپرسینەوە لەوانەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەکەن ، فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سێ ئەرکی لەپێشینەی حکومەتی ئێستای عێراقن.
محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ، خزمەتگوزارییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە بە کاری لەپێشینەی خۆیی و لەم کاتەشدا لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکات و بازنەی خزمەتگوزارییەکانیشیان فراوانکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها لەرووی بوونیادنانی ژێرخانەوە پلانیان هەیە و دەرفەتی کاری زۆریشیان رەخساندووە.
سوودانی وتیشی، “دەستبەرداری هەڵمەتی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان نابین”، پەیوەست بە قەیرانی کارەباش جەختیکردەوە لەوەی کە ئامادەکاری کارەبایان بۆ هاوینی 2023 کردووە.