سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى چین لە ریازى پایتەختى سعودیە کۆبوونەوە؛ محەمەد شیاع سوودانى جەختیکردەوە کە وڵاتەکەى خواستى بەهێزکردنى بنەماى هاوبەشییە لەگەڵ چین لە چوارچێوەى دەستپێشخەرى “پشتێن و رێگا” و بوارەکانى ژێرخان.
ئەمڕۆ هەینی 9ـى کانوونى یەکەمى 2022، نووسینگەى راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سوودانى لە ریازى پایتەختى سعودیە لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکى چین کۆبووەتەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سوودانى جەختیکردووەتەوە کە وڵاتەکەى خواستى ئەوەیە بنەماى هاوبەشی لەگەڵ چین بەهێزتر بکات لە چوارچێوەى دەستپێشخەرى “پشتێن و رێگا” و کەرتى ژێرخان و سوودبینینی لە ئەزموونى چین لە بوارە جیاوازەکاندا.
ساڵى 2013 چین دەستپێخەریى “پشتێن و رێگا”ى راگەیاند، کە ئامانج لێى بەستنەوەى وڵاتانى جیهانە بەیەکدییەوە لە رێگەى تۆڕێکى رێگەى وشکانى و ئاسنین و بەندەرەکان و هێڵەکانى گواستنەوەی نەوت کە لە چینەوە تێپەڕ دەبێت.
لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەرۆکى چین ئاماژەى بە پێگەى جوگرافى عێراق داوە بەوەى “رۆڵێکى گرنگى” دەبێت لە پڕۆژەکانى بوژاندنەوەى بەردەوام. پاڵپشتى وڵاتەکەشى بۆ سەروەرى و سەقامگیریى عێراق دووپاتکردووەتەوە.
محەمەد شیاع سوودانى لە سعودیەیە بەمەبەستى بەشداریکردن لە لووتکەى سعودیە – چین.