سەرکردەیەکی هاوپەیمانی سەروەری کە گەورەترین هاوپەیمانی سوننەکانە لەناو پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ رەتکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێشبینیکراو بووە، بۆیە لەئێستادا زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن وڵات بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت هەنگاو بنێت، 80%ی لایەنەکانیش لەگەڵ ئەوەن لە قۆناغی یەکەمدا پەرلەمان هەڵبووەشێنرێتەوە.
جابر ئەلجابری، سەرکردە لە هاوپەیمانی سەروەری لە لێدوانێکدا باسی لەوەکردووە، پێشتریش دادگای فیدڕاڵی روونیکردبووەوە کە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، چونکە دەستوور مەودای دەسەڵاتەکانی جیاکردووەتەوە و رێگری لەوەکردووە دادگا بتوانێت پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم کاتەدا 80%ی لایەنەکان پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا میکانیزمێک نەدۆزراوەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کە کۆدەنگی لەسەر بێت، بەوهۆیەش وڵات کەوتووەتە ناو حاڵەتێکی ناسەقامگیرەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر لایەنەکان رێککەوتن بکەن لەسەر دووبارەکردنەوەی هەنگاوەکانی ساڵی 2021 کە بریتین لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێکهێنانی حکومەتێک بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت، پەسەندکردنی یاسای بودجە و یاسای هەڵبژاردن، سوننە و کوردیش پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن.