سوننه‌کانی عێراق داوای ده‌ستگیركردنی باسم كه‌ربه‌لائی ده‌كه‌ن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سوننه‌کانی عێراق داوای ده‌ستگیركردنی باسم كه‌ربه‌لائی ده‌كه‌ن

سوننه‌کانی عێراق داوای ده‌ستگیركردنی باسم كه‌ربه‌لائی ده‌كه‌ن

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
سوننه‌کانی عێراق داوای ده‌ستگیركردنی باسم كه‌ربه‌لائی ده‌كه‌ن
0

لایک

سروودێكی مه‌زهه‌بیی باسم كه‌ربه‌لائی، بووه‌ته‌ هۆی تووڕه‌یی سوننه‌كانی عێراق و له‌ ئاستی میللی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناڕه‌زاییه‌كان لە دژی ناوبراو په‌ره‌یان سه‌ندووه‌، بەم هۆیەشەوە داوای دەستگیرکردنی دەکەن.

باسم كه‌ربه‌لائیی، یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین شیوەنگێڕه‌كانی مەزهەبی شیعه‌ کە مه‌راسیمی شینگێڕیی لە حوسێنییەکاندا رێكده‌خات. ناوبراو له‌ ناو ده‌قێكی شیوەنگێڕانه‌كه‌یدا، هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام “محەمەد” دروودی خوای له‌سه‌ر بێت، به‌ “باند و چه‌ته‌” وه‌سفده‌كات.

لە بەرامبەردا سوننه‌كانی عێراق ده‌ڵێن، ئه‌و سروودەی کە باسم كه‌ربه‌لائی وتوویه‌تی، سوكایه‌تییه‌ و هه‌وڵدانه‌ بۆ دروستكردنی پشێوی و هاندانه‌ بۆ دروستكردنی گرژی تائیفی.

هاوکات، بەشێک لەلایەنگرانی میلیشیا چەکدارییەکانی شیعە، بە پێچەوانەی سوونەکانەوە، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە. لە تویتەر لە ژێر هاشتاگی ”هەموومان باسم کەربەلائیین”.

لەلایەکی دیکەوە لێژنه‌ی ئه‌وقافی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگەیاند، به‌و په‌ڕی زبره‌ وشه‌، ئیدانه‌ی ئه‌و وشانه‌ی باسم كه‌ربه‌لائیی ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی ئه‌و وتوویه‌تی و هاوه‌ڵانی پێچواندووه‌، شتێكه‌ ناكرێت لێی بێده‌نگ بین.

ئەوەش هاتوو، ئوممه‌تی ئیسلام، رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری و قه‌یرانی گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ ئێمه‌ پێویستمان به‌ یه‌كڕیزی و بێزراندنی تائیفیه‌ت و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ وڕووژاندنی ناكۆكییه‌ تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌كان هه‌یه‌ و هه‌مووان ده‌زانن ئه‌و ناكۆكییه‌ی هه‌یه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌ر پایه‌كانی ئایین و بنه‌ماكانی.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، دیوانی وه‌قفی سوننه‌، به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه‌ و تێیدا داوای كردووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ بكرێت و ئه‌وانه‌ی سوكایه‌تی به‌ پیرۆزییه‌كانی موسڵمانان ده‌كه‌ن رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.