سوباشی.. یەکێک لە سیمبولەکانی شارۆچکەی تەلەعفەر

سوباشی.. یەکێک لە سیمبولەکانی شارۆچکەی تەلەعفەر

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
سوباشی.. یەکێک لە سیمبولەکانی شارۆچکەی تەلەعفەر
0

لایک

شارۆچکەی تەلەعفەر-ـی تورکمان نشین، دوای چەندین کارەساتی جۆراوجۆر و رزگاربوونی لە دەستی رێکخراوی تیرۆرستی داعش، دووبارە هەوڵی ژیانەوە دەدات.

 

لە ساڵی ٢٠١٤ـدا دوای داگیرکردنی شاری موسڵ، تەلەعفەریش بەهەمان شێوە چووە ژێر رکێفی داعش و بۆ ماوەی ٣ ساڵ شارۆچکەی ناوبراو رووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی بوویەوە.

 

کە باسی تەلەعفەر دەکەین، “بیستانەکانی تەلەعفەر” و “ساواری تەلەعفەر”مان دێتەوە یاد، بەڵام شارۆچکەکە خاوەنی سیمبولێکی زۆر کۆنترە کە ئەویش کانی سوباشی-ـی بەناوبانگە.

 

کانییەکە دەکەوێتە ژێر قەڵای تەلەعفەر و هەروەها ماسی جۆراو جۆریشی تێدایە، دەتوانین بڵێین زۆربەی هەرە زۆری منداڵانی تەلەعفەر لەناو ئەم کانییە مەلەیان کردووە.

 

لەبارەی کانییەکەی تەلەعفەر، عەلی کازم، فەرمانبەری بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی تەلەعفەر لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە تەبا لەبارەی کانی سوباشی، زانیاری گرنگی خستەروو.

 

عەلی کازمی رایگەیاند، “مێژووی کانی سوباشی بۆ قەڵای تەلەعفەر دەگەڕێتەوە. کانییەکە لەسەردەمی جەنگ بەکارهاتووە و دانیشتووانی قەڵاکە ئاوەکەیان بەکارهێناوە، بەم شێوەیە لە بێ ئاوی رزگاریان بووە. ئاوەکە لە رێگەی سیستەمێکی تەلارسازییەوە گەیشتووەتە ناو قەڵا. بەو پێیەش خەڵک توانیویانە ئاوەکە بەکاربهێنن”.

 

ئەو فەرمانبەرەی حکومەت ئاماژەی بە کێشەکانی ئاو کرد لە تەلەعفەر و وتی، “لە ئێستادا کێشەی بێ ئاویمان هەیە. ئێمە پێویستمان بە ئاو هەیە و بۆیە دەبێت ئەو کانییە کە ئێستا بووەتە ئاوێکی گەورە، پاکی بکەینەوە. لە ئێستادا پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە، ئەگەر بتوانین جێبەجێی بکەین، ئەو کاتە سوود لە کانی سوباشی وەردەگرین و بەکاری دەهێنین”.

 

 

 

راپۆرت: زیا عوزێری

وێنە: عەلی سالم