ئەمڕۆ پێنجشەممە، مردنی کرێکارێک لەئەنجامی کەوتنەخوارەوەی لە نهۆمی 14ی باڵەخانەیەک لە شاری سلێمانی راگەیەنرا و لەمبارەیەوە سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش رایدەگەیەنێت، 90%ـی رووداوەکانی مردنی کرێکاران لەکاتی کاردا بۆ نەبوونی کەرەستەی پاراستنی سەلامەتی لە پڕۆژەکاندا دەگەڕێتەوە.
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە میدیایێکی ناوخۆیی راگەیاند، ئەمڕۆ لە یەکێک لە باڵەخانەکانی نزیک پردی کۆبانی، لە قاتی 14ـەوە کرێکارێک کەوتووەتەخوارەوە و لەئەنجامیشدا مردنی راگەیەنراوە.
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان راشیگەیاند، کرێکارەکە دانیشتووی شاری سلێمانییە و لەدایکبووی ساڵی 1977 بووە، هۆکاری رووداوەکەش دوای راپۆرتی لێژنە هاوبەشەکانی تایبەت بە ئەرک و مافی کرێکاران رووندەبێتەوە.