شەوی رابردوو، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی تەقە لە رێستورانتێک کرا و خاوەنەکەی بە سەختی بریندار کرا.
درەنگانی شەوی رابردوو کاتژمێر 11:45 کەسێک لەسەر ماتۆرسکیلەکەی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی تەقەی لە رێستورانتێک کرد و بە هۆیەوە خاوەنی رێستورانتەکە کە لەسەر کورسی کاشێر دانیشتبوو بە سەختی بریندار بوو.
دوای رووداوەکە بریندارەکە بۆ چارەسەر گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شار و دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ کراوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
جێی باسە، خاوەن رێستورانتەکە خەڵکی پارێزگای وان سەربە تورکیایە و لە سلێمانی کاری کردووە، راستەوخۆ دوای رووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.