وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت “بە مەبەستی چارەسەری ریشەی بۆ رێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر، سبەینێ دەست بە گۆڕینی بۆرییەکە دەکرێت“.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ڕەزامەندی نیشاندا بە خەرجكردنی گوژمەی ٢٠ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بە مەبەستی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ لە هەولێر، لە سبەی یەكشەممەشەوە قۆناغی یەكەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە دەستپێدەكات و تیمێكی ئەندازیارانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن”.
ئەوەش هاتووە ” لەو بڕە پارەیەش بڕی چوار ملیار و ٣٥٤ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە خەرج دەكرێت، لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژای ٢٧٥٠ مەتر بە بۆری ١.٥ مەتری بۆری كاربۆن ستیل دەستپێدەكات تا دەگاتە ١٠٨ی عەنكاوە، لە كۆی ئەو ١١ كیلۆمەترەی كە بۆرییە كۆنەكەی تێدا دەگۆڕدرێت”.
پرۆژەی ئیفرازی سێ 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابین دەكات و وەزارەتی شارەوانی وتویەتی “بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، چەند جارێک بۆرییەكە دەشكا و بۆ ماوەیەک بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێ ئاو دەبون.”