عێراق لە ساڵی 2021ـدا، بە بەھای سێ ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بەرهەمە نەوتییەکانی هاوردەکردووە.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت لە عێراق (SOMO) لە ئامارێکدا کە لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، لە ساڵی 2021ـدا یەک ملیۆن و 73 ھەزار تۆن گازاویل ھاوردەی عێراق کراوە کە بەھاکەی 657 ملیۆن و 440 ھەزار دۆلار بوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەر لە ساڵی رابردوودا، سێ ملیۆن و 475 ھەزار تۆن بەنزین ھاوردە کراوە کە بەھاکەی گەیشتبووە، دوو ملیار و 543 ملیۆن دۆلار و باسی لەوەیش کردووە کە ھەر لە ساڵی رابردوودا، 164 ھەزار تۆن نەوتی سپی ھاوردە کراوە و بەھاکەی 102 ملیۆن و 340 ھەزار دۆلار بووە.
سۆمۆ ئاشکراشیکردووە، “تێکڕای بڕی ھاوردەکراو لەبەرهەمە نەوتییەکان لە ساڵی 2021ـدا، گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 712 ھەزار تۆن کە کۆی گشتیی بەھاکەی سێ ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە”.