ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات، هاوکاری سەربازی بۆ وڵاتەکەیان زیاتر بکەن.
زێلێنسکی ئەمرۆ لەگەڵ بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە کە سەردانی کیێڤی پایتەختی ئوکراینا کردبوو.
سەرۆکی ئوکراینا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبهشدا رایگەیاند، پێویستە هاوتەریب لەگەڵ هاوکارییە سەربازییەکان، گوشار و سزاکان بۆ سەر سێکتەرە جیاوازەکانی رووسیا بەردەوام بن.
وتیشی، “پێویستە گوشارەکان بۆسەر رووسیای فێدراڵ هێشتا زیاتر بکرێن. گوشارەکان بە پێدانی هاوکاری سەربازی کاریگەر دەبن بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی بەرامبەر رووسیا بەرگری لە خۆیان بکەن. پێویستە لەرێگەی سەپاندنی سزای ئابوورییەوە گوشارەکان هێشتا زیاتر بکەین”.
زێلێنسکی رایگەیاند “سوپاسی بەریتانیا دەکەین، کە سزای زۆر توندی بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووه و لە پاکێجی سزا توندەکانیشی بەردەوامە. هاوکات هاوکاری زۆرباشی ئۆکرانیای کردووە، بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانمان. پێویستە وڵاتانی دیکەی دیموکرات لە رۆژئاوا چاو لە بەریتانیا بکەن لە دابینکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا و سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی وزەی رووسیا و سێکتەرەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا”.