لە ئۆكرانیا زیاتر لە پێنج هەزار رەوەندی عێراقی هەن، وەک ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرایكردووە و “بۆ هەر ئەگەرێكی شەڕ و ئاڵۆزی، ڕێكار گیراوەتەبەر”.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووە، وەزارەتەكە بەگرنگییەوە لە دۆخی رەوەندی عێراقی لە ئۆكرانیا دەڕوانێت، بەشێوەیەک كە سەلامەتییان پارێزراو بێت لەم دۆخە تایبەتمەندەدا.
سەحاف ژمارەی رەوەندی عێراقیی لە ئۆكرانیا بە زیاتر لە پێنج هەزار و 500 كەس مەزەندەكردووە، “باڵیۆزخانەی عێراق لە پەیوەندییدایە لەگەڵیاندا و بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک و ژمارە تەلەفۆنێک تەرخانكراوە بۆ پەیوەندی”.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “بۆ ئەوەی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیانی عێراقی لە ئۆکرانیا دەستەبەر بکرێت و لە ئەنجامی بارودۆخێکی نائاسایی لەو وڵاتە، داوا لە هاووڵاتیانمان دەکەن خاکی ئۆکرانیا بەجێبهێڵێن و گەشت بۆ ئۆکرانیا نەکەن”.