زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێندرێن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێندرێن

زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێندرێن

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێندرێن
0

لایک

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، “له‌ چوارچێوه‌ی ماسته‌رپلانی شاری هه‌ولێر به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی هه‌سار و به‌پێی پلانێكی ستراتیژی تاوه‌كو ساڵی 2030 زیاتر له‌ 100 ملیۆن دار له‌ شاری هه‌ولێر ده‌چێندرێن”.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، “ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پێشوازی له‌ گه‌شبین ئیدریس، جێگری سه‌رۆكی ڕێكخراوی هه‌سار بۆ زانستی زه‌وی و نه‌وزاد ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای شاماران كرد”.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ د. شه‌رمین عه‌لی راوێژكار و د. چواس عه‌بدولهادی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نه‌خشه‌دانان ئاماده‌ی بوون، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار تیشكی خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ مه‌به‌ستی بایه‌خدانی زیاتر به‌ زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ ڕێگه‌ی چاندنی دار و نه‌مام و دروستكردنی پشتێنه‌ی سه‌وزایی له‌ شاری هه‌ولێردا و رایگه‌یاند، “حكومه‌ت به‌پێی پلان كار بۆ په‌ره‌پێدانی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات”.

له‌ به‌شێكی تری گفتوگۆكه‌دا شاندی میوان پێشنیازی جێبه‌جێكردنی پلانێكی ستراتیژیان خسته‌ڕوو كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان تاوه‌كو ساڵی 2030 زیاتر له‌ 100 ملیۆن دار كه‌ زۆربه‌یان داربه‌ڕون له‌ سنوری شاری هه‌ولێر بچێنن.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پاڵپشتی له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی شانده‌كه‌ كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌، “ئه‌و پلانه‌ بۆ خزمه‌تكردنی كوردستان له‌ڕوی زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا زۆر پێویسته‌ به‌ تایبه‌تی چاندنی داربه‌ڕو كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سیمبۆله‌كانی سروشتی كوردستان و ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریشه‌وه‌ پێویست بێت بۆ سه‌رخستنی پلانه‌ ستراتیژییه‌كه‌، هاوكار ده‌بین له‌ دابینكردنی زه‌وی له‌ پشتێنه‌ی سه‌وزایی و پارك و باخچه‌ دروستنه‌كراوه‌كان و هاوكات له‌ قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ ستراتیژییه‌ چاودێر ده‌بین”.