رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە
0

لایک

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “هەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە”.

لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رەوشی مافی مرۆڤ دایەوە، هاوکات لەبارەی دیپۆڕتکردنەوەی رۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە(ئەربیل) بۆ وڵاتەکەی خۆی لە هەفتەی رابردوودا، رایگەیاند، ” رۆژنامەنووسە هۆڵەندییەکە بەهۆی پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی پەکەکە، قەدەغەی هاتنی بۆ هەرێمی کوردستانی هەبوو، کاتێک گەیشتە فڕۆکەخانە لەسەر ئەرکی خۆمان تیکتی فڕۆکەمان بۆی دابین کرد و رەوانەی وڵاتی خۆیمان کردەوە، چونکە هەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە “.

هاوکات زێباری ئاماژەی بە ھەماھەنگی نێوان نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و کۆنسولخانەی گشتیی ئەمریکا کرد و وتی، “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆنسولخانەی گشتیی ئەمریکا لەسەر بنەمای ھاوبەشیی و ھەماھەنگیی بەردەوامە، بەر لە دەرچوونی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە چەند مانگێک، پرسیار و تێبینی ئاراستەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت بۆ مەبەستی بەدواداچوون و خستنەڕووی ھەڵوێست و ھەنگاوە کردەییەکانی حکوومەت لە بوارە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ و حوکمڕانی دروست، نووسینگەکەمان راوێژ بە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت دەکات و دوای دەرچوونی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەڵامەڕاپۆرتی حکوومەتی ھەرێم بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و رای گشتیی بەردەست دەکات”.

شایەنی باسە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش رایگەیاند، “لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2022، هاوپەیمانان نۆ هەزار و 331 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە کە تیایدا 12 هەزار و 53 تیرۆریستیان کوشتووە، هاوکات دوو هەزار و 604 چەکی قوڕسیان تێکشکاندووە، دوو هەزار و 299 ئامرازی هاتوچۆکردنی تیرۆریستانییان رووخاندووە، حەفت هەزار و 256 سەنگەر و شوێنی مانەوەی تیرۆریستان بە ئامانجگیراون، هەروەها لە سەرەتای ساڵی 2021 تا مانگی نیسانی 2022، تیرۆریستانی داعش 283 هێرشیان لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامداوە کە تیایدا 399 شەهید و 539 بریندار و 40 رفێندراوی لێکەوتووەتەوە”.

دیندار زێباری راشیگەیاند، “حکوومەتی ھەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی لە رووی یاساییەوە ھاوکاری قوربانییانی دەستی داعش و کەسوکاریان بکرێت، لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی ھەرێم بە پشتگیری یونیتاد پرۆژەیاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و دادگاییکردنیان لەژێر رۆشنایی تاوانی نێودەوڵەتی، چونکە ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید هەژمار دەکرێن، بەداخەوە دادگای باڵای ئیتیحادی پڕۆژە یاساکەی رەتکردەوە کە ئەمەش پێشینەیەکی نوێ بوو، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە رێگریی لەم پڕۆژەیاسایە نەکرێت بۆ ئەوەی تیرۆریستان دادگایی بکرێن و کەسوکاری قوربانییانیش قەرەبوو بکرێنەوە”.

دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و رایگەیاند “لە دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێم، پێنج ھەزار و 170 دۆسیە تۆمارکراوە لەوانە زیاتر لە دوو ھەزار و 234 دۆسیە لە دادگاکان تەواوکراون، دوو ھەزار دۆسیەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان، ھاوکات حکوومەتی ھەرێم لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ رزگارکردنی رفێندراوان و دوای ئازادکردنیان پێداویستییەکانیان دابین دەکات لەم رووەوە، تا 22ـی شوباتی 2022، سێ ھەزار و 552  رفێندراو رزگارکراون، ھەروەھا بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ئەڵمانیا زیاتر لە ھەزار ئافرەت رەوانەی ئەڵمانیا کراون بە مەبەستی چارەسەرکردن”.

دیندار زێباری سەبارەت بە گیراوانی داعش لە هەرێمی کوردستان وتی، “تا مانگی نیسانی 2022، ھەزار و 225 بەندکراوی داعش تۆمارکراون لەو ژمارەیەش 920 کەسیان رادەستی حکوومەتی فیدراڵی کراونەتەوە”.

“لە ئێستادا، 39 داعشی بیانیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر دەستبەسەرن”

دیندار زێباری لەبارەی رەوشی گرتووخانەکان لە هەرێمی کوردستان کە لە راپۆڕتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا باسی لێوە کراوە، وتی، “گرتووخانەکان لەژێر چاودێری لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە لە ساڵی 2021ـدا، 85 سەردان بۆ ئەو گرتووخانانە ئەنجامدراوە کە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆن و سەردانەکانیش هەریەک لە رێکخراوەکان، داواکاری گشتی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاری عێراق (یۆنامی) و کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی بوون، هەروەها لە ساڵی 2021، رێکاری یاسایی بەرامبەر بە چوار کارمەندی جێبەجێکردنی یاسا گیراوەتەبەر کە توندوتیژییان بەرامبەر بە زیندانییەکان کردووە، رێکارە یاساییەکان خۆیان لە ئاگاداری بڕینی سەرمووچە بۆ چەند مانگێک و گواستنەوەی ئەرک بینیووەتەوە، ھاوکات رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2008 کارایە کە تیایدا چەند مافێک بۆ بەندکراوان دەستەبەرکراوە، لەوانەش پەروەردە، سەردانی ئاسایی و چاودێری تەندروستی”.

دیندار زێباری لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا لەبارەی دیپۆڕتکردنەوە رۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی لە هەفتەی رابردوودا وتی، “ئەو رۆژنامەنووسە بەهۆی پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی پەکەکە، قەدەغەی هاتنی بۆ هەرێمی کوردستانی هەبوو، کاتێک گەیشتە فڕۆکەخانە لەسەر ئەرکی ئێمە تیکتی فڕۆکەمان بۆی دابین کرد و رەوانەی وڵاتی خۆیمان کردەوە، چونکە هەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە”.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە لەبارەی زۆربوونی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان وتی، “ساڵی 2019، هەزار و 794  کەس لە هەرێم دەستگیرکران بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەر، ئێستا بە گشتی سێ هەزار و 14 کەس بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، سەدا 70ـی ئەو ژمارەیە بازرگانانن و ئەوانی دیکەش بە داخەوە قوربانین، ئێمە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵی جیددین بۆ یارمەتیدانی ئەم بابەتە، هەروەها وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی خەریکی دروستکردنی سەنتەرێکی شیانەوەیە بۆ ئەوانەی ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بوون و لەو شوێنە چارەسەری پێویست وەربگرن بۆ ئەوەی دواتر بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگا”.

دیندار زێباری وتیشی، “ماددەی هۆشبەر لەو شوێنە دەگەڕێت کە پارەی تێدایە، بە تایبەت قوتابخانە ئەهلییەکان کە رەنگە مەترسیدارترین ئامانجی ماددەی هۆشبەر بێت”.