جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی ھەرێم، رایگەیاند، رێككەوتنی بەرایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2023ی عێراقەوە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كراوە، بەڵام ھەندێك وردەكاری ماون كە پێویستییان بە گفتوگۆ ھەیە.
جووتیار عادل لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا باسی لە ژمارەیەک پرسدا كرد لەنێویاندا، سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و رێككەوتنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەبارەی بوودجەی 2023، ھەروەھا سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بۆ ئیمارات.
وتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێم بۆ بەغداد و گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەدا لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد لە میانیدا لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی، نەوت، پلاندانان و ژمارەیەك وەزارەتی دیكەی عێراق كۆبوونەوە و گوتی: رۆژی یەكشەممەی ھەفتەی داھاتوویش، بۆ درێژپێدان بە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان، دووبارە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە.
وتیشی: یەكێك لە كۆبوونەوەكانی چەند رۆژی رابردووی شاندی ھەرێم لە بەغدا، لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان بووە كە لە میانیدا، ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی ھەماھەنگی و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان كردووە.
وتەبێژی حكوومەتی ھەرێم، لەبارەی بووجەی گشتیی ساڵ2023 ی عێراقەوە گوتی: رێككەوتنی بەرایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ی عێراقەوە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كراوە و ئەركەكانی ھەردوولا دیاریكراون، بەڵام ھەندێك وردەكاری ماون كە پێویستییان بە گفتوگۆ ھەیە، بۆ ئەوەی مافەكانی ھەرێمی كوردستان پشتگوێ نەخرێن.
جووتیار عادل لەبارەی سەردانەكەی مەسرور بارزانی ، سەرۆكوەزیرانی ھەرێم، بۆ ئیمارات بەمەبەستی بەشداریكردن لە لووتكەی جیھانیی حكوومەتەكان رایگەیاند، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە میانی سەردانەكەی بۆ ئیمارات زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی ئیمارات ئەنجامداوە كە تیایدا داویان لە وڵاتانی كەنداو كردووە، وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان بكەن و سەردانەكە بەشێوەیەكی گشتیی بەرھەمدار بووە و گوتی: وڵاتانی كەنداو بە گرنگییەوە لە پێگەی ھەرێمی كوردستان دەڕوانن.