پەیامنێری کەناڵی جەزیرەی قەتەری لەکاتی رووماڵکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە کەمپی جنین لە کەرتی رۆژئاوا بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژرا.
کەناڵی جەزیرە تایبەت بە کوژرانی شیرین ئەبوعاقلە، پەیامنێری کەناڵەکەیان رایگەیاند، پەیامنێرە 50 ساڵییەکەیان لەکاتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جنین بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی کەناڵی جەزیرە، شیرین ئەبوعاقلە هێلەگێکی گولـلەنەبڕی لەبەربووە کەچی گوللـە بەر سەری کەوتووە و بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین پشتڕاستیکردەوە کە شیرین ئەبوعاقلە گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە، گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە شاری جنین و دواتر گیانی لەدەستداوە.
شیرین ئەبو عاقلە لەدایکبووی ساڵی 1971ـە لە قودس، لە رامەڵا نیشتەجێ بووە، کۆلێژی ئەندازیاری بیناسازیی لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا لە ئوردن تەواوکردووە، دواتر چووەتە بەشی رۆژنامەوانی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بەدەستهێناوە.