وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند لە شاری ماریوپۆلی باشووری ئۆکراینا، لە کاتژمێر 10ـی بەیانی رۆژی پێنجشەممە 31-03-2022 بەکاتی مۆسکۆ، ئاگربەست رادەگەیێنن بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل لێی بگوازرێتەوە دەرەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا راشیگەیاندووە، دەکرێت لەم ئاگربەستەدا رێڕەوێکی مرۆیی بەرەو شاری زاپۆرۆژیا بکرێتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆ ئەوەی ئەم کارە مرۆییە سەربگرێت، پێشنیار دەکەین بە بەشداریی راستەوخۆی نوێنەرانی UNHCR و خاچی سووری نێودەوڵەتی جێبەجێبکرێت”.
ماریوپۆل شارێکی ئۆکرانیایە و دەکەوێتە سەر دەریای رەش. زیاتر لە سێ هەفتەیە لەلایەن سوپای رووسیاوە گەمارۆدراوە و بۆردوماندەکرێت، بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ئۆکرانیا، زیاتر لە 100 هەزار کەس تیایدا بەبێ ئاو، خۆراک و کارەبا و گاز ماونەتەوە و زیاتر لە 90%ـی باڵەخانەکانی شارەکە بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە.