وەزارەتی دەرەوەی رووسیا قەدەغەی هاتنەناوەوەی بەسەر ٩٦٣ ھاووڵاتی ئەمریکی بۆ نێو خاکی وڵاتەکەی راگەیاند.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە ماڵپەری فەرمی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاوکراوەتەوە، وەک وەڵامێک لە بەرامبەر سزاکانی ئەمریکا بەسەر رووسیادا، لیستی ناوی ئەو ھاووڵاتییە ئەمریکیانە بڵاوکرایەوە کە بە شێوەیەکی ھەمیشەیی قەدەغەی هاتنەناوەوەیان بۆ نێو خاکی رووسیا بەسەردا سەپێندراوە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ئانتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە نێو ئەو کەسانەدان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆی گشتی ٩٦٣ ھاووڵاتیی ئەمریکی قەدەغەی هاتنەناوەوەیان بۆ نێو رووسیا بەسەردا سەپێندراوە
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، رووسیا رووبەڕووبوونەوەی ناوێت و ھەمیشە رێز لە گەلی ئەمریکا دەگرێت و ئەوان لە بەرپرسانی ئەمریکا جیا دەکاتەوە کە دەیانەوێت ھانی دوژمنایەتیکردنی رووسیا بدەن.