وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا “یەکێتی ئەورووپا لە سیاسەتی سزاکانیدا بۆ سەر رووسیا سەرجەم سنوورەکانی تێپەڕاندووە”.
ئەوەش راگەیەندراوە، “برۆکسل بە شێوەیەکی گشتی، بەخۆڕایی و تاکلایەنانە سزای خستووەتە سەر ھاووڵاتییە رووسەکان و کۆمپانیاکان و بێ رەچاوکردنی سەرجەم ئەو بنەمایانهی یاسای نێودەوڵەتیی کە کاری پێدەکرێت سەرجەم زانیارییە کەسییەکانی ئەو كهسانهیان بۆ رای گشتی بڵاوکردووەتەوە”.
جەخت لەوە کراوەتەوە کە لەلایەن رۆژئاواوە شهڕ دژی ھاووڵاتییانی رووسیا و ئەو کۆمپانیایانەی کە لە وڵاتە بیانییەکان بە رووسی قسە دەکەن و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی رووسیا بهرپا كراوه.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئامانجی یەکێتیی ئەورووپا روونە. زۆرمان لێدەکەن کە واز لە بەرژەوەندییە چارهنووسسازهكانمان بھێنین. سەرجەم ئەمانە، بەشێکە لە سیاسەتی رۆژئاوا بۆ کۆنترۆڵکردنی رووسیا”.
سەرنج بۆ ئەوەش راکێشراوە کە یەکێتیی ئەورووپا بە ھەنگاوەکانی تەنھا پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا به بنبەست نهگهیاندووه بەڵکو لە ھەمان کاتدا خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ھاووڵاتییانی خۆی و سیستمی جیھانی، دارایی و ئابووریشی خستووەتە مەترسییەوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەمە لایەنی رووسی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا و پێکھاتەی یەکێتی ئەورووپای خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
ههروهها لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، “سزاکان سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەورووپا دهگرێتهوه بە بەرپرسانی سەربازی و کۆمیسیارەکانی یەکێتی ئەورووپاشەوە. جگە لەوە سزاکان بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەورووپا دەگرێتەوە کە ھانی سیاسەتەکانی دژبە رووسیایان دەدا. ههروهها لیستی رەشی رووسیا کە وەکو وڵامێکە، سەرۆکی حکوومەت و پەرلەمانی چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، کەسایهتییه گشتییهكان و میدیاكاران كه ھانی دژایەتیی رووسیا دەدەن، خراونەتە لیستی سزاکانەوە”. ئەوەش ئاشکرا کراوە کە بڕیاری سزاکان رادەستی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەورووپا لە مۆسکۆ کراوە