لەراگەیەندراوێکدا ئاژانسی فیدڕاڵی رووسیا بڵاویکردووەتەوە کە دەریا بەهۆی تەقینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تێیدا بووە گیانی لەدەستداوە و ئاماژە بەوە کراوە کە وردەکاریی کوشتنەکە ئاشکرا کراو و تێیدا هاتووە، “ئەوە دەستنیشان کراوە کە تاوانەکە لەلایەن ئاژانسە هەواڵگرییە تایبەتەکانی ئۆکرایناوە ئامادە و جێبەجێ کراوە. پلانی کوشتنەکە لەلایەن هاووڵاتی ئۆکراینی ناتالیا ڤۆڤک-ی لەدایکبووی ساڵی 1979ـوە جێبەجێ کراوە. ڤۆڤک، لەگەڵ کچە 12 ساڵییەکەی لە 23ـی تەمووزدا هاتووە بۆ رووسیا و بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری خانوویەکی لە نزیک خانووی دوگینا بەکرێ گرتووە”.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ڤۆڤک بە ئۆتۆمبێل بەدوای دوگینا کەوتووە و تێدا هاتووە:
“ڤۆڤک، دوای هێرشەکە لەگەڵ کچەکەی پێکەوە لەرێگەی ناوچەی پسکۆڤ-ی رووسیاوە بۆ ئێستۆنیا هەڵاتوون. ڤۆڤک، لەکاتی هاتنی بۆ نێو رووسیا ئۆتۆمبێلی ژمارە کۆماری میلیی دۆنێتسک، لە نێو مۆسکۆدا بە ژمارەی کازاخستان و لە کاتی دەرچوونی لە رووسیاوە ئۆتۆمبیلی ژمارە ئۆکراینا-ی بەکارهێناوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوەش کراوە کە بەڵگەکانی پەیوەست بە رووداوەکە رادەستی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا کراوە.
رۆژی 20ـی ئاب لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک شاری ئۆدینتسۆڤۆ لە ناوچەی مۆسکۆ دەریا دوگینا-ی کچی شارەزای ناوداری بواری سیاسەتی رووسیا، ئالێکساندەر دوگین گیانی لەدەستدا.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەست پێکرا و ئەوە دەرکەوەت کە بۆمب لە ئۆتۆمبێلەکەدا چێندراوە و لە کاتی رۆیشتندا ئۆتۆمبێلەکە تەقێندراوەتەوە.
ئەوەش راگەیەندرابوو کە ئۆتۆمبێلەکە ئۆتۆمبێلی ئالێکساندەر دوگین بووە.
دەریا دوگینا کێیە؟
دەریا دوگینا-ی تەمەن 30 ساڵان کچی ئالێکساندەر دوگین-ـە و لە ساڵی 2015 زانکۆی لۆمۆنۆسۆڤ مۆسکۆی تەواو کردووە.
دوگینا، کە وەکو رۆژنامەوانیش دەناسرێت لە کۆمەڵەی رێکخراوی مەدەنیی “بزووتنەوەی ئۆراسیای نێودەوڵەتی” وەکو چاودێری سیاسی بەردەوامی بە ئەرکی خۆی دەدا.
دوگینا، دوای کۆنتڕۆڵ کردنی لەلایەن رووسیاوە چووبوو بۆ شاری ماریوپۆلی ئۆکراینا و لەوێ کاری کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لە سەرەتای مانگی تەمووزدا ئەوەی راگەیاندبوو کە ناوی دوگینا-ی خستووەتە نێو لیستی سزاکانیەوە.
ئالێکساندەر دوگین کێیە؟
شارەزای سیاسەتی رووسیا، کۆمەڵناس و فەیلەسووف ئالێکساندەر دوگین سەرۆکایەتی بزووتنەوەی ئۆراسیای نێودەوڵەتی دەکات.
دوگین، کە گرنگی بە رەوتی ئۆراسیای نوێ دەدات، لە ساڵی 2014ـدا لەلایەن گۆڤاری Foreign Policyوە خرابوویە نێو لیستی “100 بیرمەندی جیهانی لە جیهانی مۆدێرندا”.
جگە لەوە دوگین، لە ساڵی 2010ـەوە خراوەتە نێو لیستی سزاکانی ئەمریکا، کەنەدا و یەکێتی ئەورووپا.