وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە 24ـی شوباتەوە تا ئێستا، 230 فڕۆکە و 706 مووشەکهاوێژی سوپای ئۆكراینایان لەناوبردووە.
لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا لە مۆسکۆی پایتەختی وڵاتەکەی، زانیاری سەبارەت بە چالاکییهكانی سەربازانی سوپای رووسیا لە جەنگی نێوان وڵاتهكهی و ئۆکراینا دا، کە زیاتر لە چوار مانگە درێژەی هەیە.
هاوکات کۆناشێنکۆڤ باسی لەوە کرد، سوپای ئۆکراینا لە هەمو روویەکەوە زیانی بەرچاوی بەرکەوتووە و لە شاری خارکیڤ بە مووشەکی هەستیار نزیکەی 200 سەربازی ئۆکراینی و 19 ناوەندی کاتیی جێگیركردنی ئامێرو و یەکەی سەربازییان کردووەتە ئامانج.
کۆناشێنکۆڤ ئاماژهی بهوهشكرد، لە ناوچەی دۆنێتسک حەوت ناوەندی سەربە هێزەکانی ئۆکراینا، دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی و مووشەکهاوێژی گراد لەناوبراون و، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری “Su-25” و هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرایشیكرد، دەستیان گرتووە بەسەر 11 مووشەکهاوێژی “Uragan”ی سوپای ئۆکراینادا و، رایگەیاند: “تا ئەمڕۆ 230 فڕۆکە، 134 هێلیکۆپتەر، هەزار و 448 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 353 سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، سێ ھەزار و 904 تانک و زریپۆش، 706 مووشەکهاوێژ، سێ هەزار و 84 تۆپهاوێژ و هاوەن، چوار هەزار و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون”.