سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بۆ رای گشتی روونیدەکاتەوە کە هێرشی مووشەکی شەوی رابردوو بە پاساوی “بەئامانجگرتنی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمریکا” دوورە لە راستی.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران:
سەبارەت بە هێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی 2022/3/13ی سەر هەولێر، کە گوایە بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کونسولخانەی ئەمریکا بووە، ڕایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە ڕاستیەوە . ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، ڕێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و جامعەی عەرەبی و حکومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەین بە پەلە لێکوڵینەوە لەم هێڕش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و ڕاستیيەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی توند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران