راگەیەندراوی هاوبەشی عێراق و ئیماڕات بڵاوکرایەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • راگەیەندراوی هاوبەشی عێراق و ئیماڕات بڵاوکرایەوە

راگەیەندراوی هاوبەشی عێراق و ئیماڕات بڵاوکرایەوە

شوبات 12, 2023 08:42
راگەیەندراوی هاوبەشی عێراق و ئیماڕات بڵاوکرایەوە
0

لایک

دوا بە دوای سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق بۆ ئیمارات و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌، هه‌ردوولا راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ش، چه‌ندین رێكکه‌وتن له‌نێوان هه‌ردوو وڵات كراوه‌.

ئەو بوارانەی لە راگەیەندراوی هاوبه‌شی هه‌ردوو وڵات باسی لێوەكراوه‌ بریتین لە:

یه‌كه‌م:
محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆکوه‌زیرانی كۆماری عێراق، له‌ رۆژی 9ی شوباتی 2023، له‌سه‌ر بانگهێشتی شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیان، سه‌رۆكی ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی سه‌ردانی ئیماراتی كرد، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا هه‌ردوولا باسیان له‌ رێگاكانی به‌رزكردنه‌وه‌ی هاوكارییه‌ سیاسییه‌كان، دیپلۆماسی و بازرگانی و ئابووری كرد، بیروڕایان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ئاڵوگۆڕ كرد و جه‌ختیان له‌ گرنگی كاری هاوبه‌ش كرده‌وه‌، بۆ په‌ره‌پێدانی لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌.

دووه‌م:
هه‌ردوولا له‌سه‌ر گرنگی بانگهێشتكردنی دانیشتنی ده‌یه‌می لێژنه‌ی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا هاوڕابوون، به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ گرنگه‌كه‌ی له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌دواداچوونی سه‌رجه‌م دۆسیه‌ دووقۆڵی له‌ بواره‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شدا، هه‌روه‌ها رێككه‌وتن كرا له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بازرگانی دوولایه‌نه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات و به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ ئاستی هاوبه‌شی هه‌مه‌لایه‌نه‌، بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌كگرتنی ئابووری فراوانتر له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات، چاڵاككردنی دیپلۆماسی ئابووری و پاڵنانی رێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری به‌ گشتی.

هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی وه‌به‌رهێنانه‌كانی ئێستا و داهاتووی ئیماراتی له‌ عێراق و كردنه‌وه‌ی ئاسۆی هاوبه‌شی نوێ و چاره‌سه‌ركردنی ئاسته‌نگه‌كان و گۆڕینیان بۆ ده‌رفه‌تێک كه‌ سوودیان بۆ ئابووری ئیمارات و عێراق هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی رۆحی برایه‌تی و دۆستایه‌تی نێوان سه‌ركردایه‌تییه‌كانی هه‌ردوو وڵاته‌ و دوو گه‌لی برا، هه‌روه‌ها هه‌ردو وڵات كارده‌كه‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بنیاتنانی ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ به‌رچاوه‌ی كه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا له‌ ناوخۆی بازرگانیدا به‌دیكرا، چونكه‌ بازرگانی دوولایه‌نه‌ی نانه‌وتی له‌ ساڵی 2022دا گه‌یشته‌ نزیكه‌ی 17.5 ملیار دۆلار.

سێیه‌م:
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی هاوكاریی دووقۆڵی له‌ بواره‌كانی ته‌ندروستی و گه‌شتیاری و رۆشنبیری و وه‌رزش، به‌هۆی گرنگییان له‌ پته‌وكردن و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.

چواره‌م:
هه‌ردوولا په‌رۆشی خۆیان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی بۆ گه‌لان، له‌ڕێگه‌ی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندی و دیالۆگ و دروستكردنی پرد، ئه‌مه‌ش باشترین رێگایه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌قامگیری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی.

پێنجه‌م:
سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق ستایشی رۆڵی پێشه‌نگانه‌ی میرنشینی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی كرد له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، پیرۆزبایی بۆ ئیمارات دووباره‌كرده‌وه‌ كه‌ میوانداری 28ـه‌مین دانیشتنی كۆنفرانسی لایه‌نه‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا (COP28)ی كرد له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا، هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی هاوكاری له‌ بواری كاری ژینگه‌یی و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا.

شه‌شه‌م:
لایه‌نی عێراقی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی ئیمارات كرد كه‌ ده‌ستپێشخه‌ریی “زیندووكردنه‌وه‌ی رۆحی موسڵ”ی گرته‌به‌ر، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یونسكۆ، بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مزگه‌وتی نور و هه‌ردوو كه‌نیسه‌ی تاهیره‌ و ساعه‌.

حەفتەم:
سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق، سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانه‌ و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان، سه‌رۆكی میرنشینی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی ئیمارات كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گرنگ و میواندارییه‌ به‌خشنده‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا بانگهێشتی سه‌رۆكی ئیماراتی بۆ عێراق كرد، له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئیمارات سوپاس و پێزانینی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق كرد، بۆ قبووڵكردنی بانگهێشتنامه‌كه‌ و سه‌ردانیكردنی ئیمارات.