حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر (ئەربیل) راسپاردەی کۆتایی خۆی بۆ دەنگدان دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران.
لەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی حاکم زاملی بڵاوکراوەتەوە، ھاتووە “لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە لێکۆلینەوەکان لەسەر رووداوی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر بە سەرۆکایەتی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆبووەوە”.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا حاکم زاملی، رایگەیاندووە “لیژنەی پەرلەمانیی لە دوای دەنگدان لەسەری، سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و لەگەڵ خاوەنی خانووە بە ئامانجکراوەکە و باڵەخانەکانی دەوروبەری کۆبووەوە”.
حاکم زاملی ئاماژەی بەوەشکردووە کە لیژنەکە دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پەیوەندار لە بەغدا و ھەولێر (ئەربیل) ئەنجامداوە بە ئامانجی کۆکردنەوەی داتای ورد و پێویست کە یارمەتیدەر دەبێت لە ئامادەکردنی راسپاردەی کۆتایی و خستەبەردەمی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەرگرتنی ھەڵوێستی فەرمی گونجاو و ناردنی بۆ حکوومەت.
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاندووە “پەیوەندی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشە و لەسەر بنەماکانی دراوسێی باش و ھەماھەنگی و رێزگرتنی ھاوبەرامبەر. عێراق رێکەوتن و پەیوەندی ئەمنی بەھێزی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا ھەیە”.