لە دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژرادنی ئەندامانی سەرکردایەتی دەستپێدەکات.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 4/11/2022، کە دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیە کاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی دانیشتنی یەکەم دەستپێدەکات و راپۆرتی لیژنەکان دەخوێندرێتەوە.
لە دانیشتنی دووەمی ئەمڕۆی کۆنگرەی 14ی پارتی کە بەگوێرەی بەرنامەی کار کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت، ناوی کاندیدەکان دەخوێندرێتەوە و پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دەستپێدەکات.
وەک لە بەرنامەی کاری کۆنگرەی پارتی ئاماژەی پێکراوە، ئەمشەو پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان و هەژمارکردن بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ هەینی 04-11-2022 دووەم رۆژی کۆنگرەی پارتی لە دهۆک بەڕێوەدەچێت. دوێنێ مەسعود بارزانی بە سەرۆک و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پارتی هەڵبژێردران.