وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سایلۆکان بەڕووی جووتیاران دا دەکەنەوە و بەمەش جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە ”رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، سایلۆکان بۆ ڕادەستکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران بەڕووی جوتیاراندا دەکرێنەوە.”
ئەوەش هاتووە “ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەنمەکە نموونەی لێ وەرگیرا و لە پشکنینەکان دەرچوو. بۆ ئەمساڵ، 375 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن”.
بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی ئاشکرا کردووە،40 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمساڵ چەند ڕۆژێک دوای وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران، چەکی پارەیان پێدەدرێت.