دەستەی دەستپاکی عێراق گەڕاندنەوەی چوار ملیار دیناری دیکەی لە پارە دزراوەکەی باجی بانکی رافیدەین راگەیاند.
حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، چوار ملیار دیناری دیکەیان لە پارە دزراوەکەی باجی بانکی رافیدەین گەڕاندوەتەوە و پارەکەش لە یەکێک لە تۆمەتبارەکان وەرگیراوەتەوە.
وتیشی: ئەو چوار ملیار دینارە بەشێکە لەو 17 ملیارەی کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان لەسەری پێویستە بیگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت.
لە ماوەی رابردوو دەستەی دەستپاکی رایگەیاند؛ بڕی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دینار لە پارەی باجی بانکی رافیدەین نادیارە، دواتریش محەمەد شیاع سوودانی،سەرۆک وەزیرانی عێراق گەڕانەوەی بەشێک لە پارەکەی راگەیاند و تائێستاش لەو بڕە پارەیە، 452 ملیار دیناری گەڕێندراوەتەوە.