بەرنامەی کورت و پوخت کە لەلایەن پێشکەشکار عەلی عەنتەرەوە پێشەکەش دەکرێت، بەرنامەیەکی سیاسیە کە بەبێ جیاوازی لەگەڵ هەموو پارتە سیاسیە تورکمانی و کوردییەکان، یەکە ئیدارییەکان و بەرپرسە حکوومییەکان ئەنجام دەدرێت. ئەم بەرنامەیە دوو هەفتە جارێک لە کەناڵی یوتوب و پەیجەکانی گروپی میدیایی تەبا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەخش دەکرێت.
بەرنامەی ئەمجارەی”کورت و پوخت” لەنێو پەرلەمانی کوردستانی عێراق بۆ باسکردن لە پرسی دارایی و مووچەی هەرێمی کوردستان میوانداری عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق کرد.
ئایا لەئێستادا بارودۆخی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
عەلی حەمە ساڵح بەم جۆرە دەستی بە قسەکانی کرد. “تا ئەم ساتە دەتوانین بڵێین دۆخی هەرێمی کوردستان دۆخێکی باش نییە وە ناجێگیریشە. چونکە روئیایەک نییە لەگەڵ عێراق رێکدەکەوین یان رێکناکەوین. بەڵام لەبەردەم ئەگەر و پێشهاتەکانین کە لە ساڵی ٢٠٢١دا چی روودەدات و چی روونادات. ئێستا دەزانین قەیرانە و مووچەکان دوادەکەون و نادرێن، گرفتی بێ بازاری دروستبووە و هەتا دوایی. ئەگەر هاتوو هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقدا رێکبکەوێت، بەدڵنیاییەوە بوژانەوەیەکی ئابووری روودەدات و لەم لاشەوە ئەو چاکسازییانەی کە بڕیاربوو بکرێن و نەکراون، وە ئەگەر بکرێن ئەنجامی باشی دەبێت”.
بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢١ کە بریارە لەم ماوەیەدا بێتە پەرلەمانی عێراق، حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند رێکنەکەون، دۆخی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ دەبێت. واتا زۆر خراپتر لەو دۆخەی کە ئێستا هەیە چاوەروانی هەرێمی کوردستان دەکات.
یاسای قەرز کە لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا نارەزایەتییەکی زۆری هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، ئایا ئەو یاسایە تا چەندە زیانی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان؟
لە راستیدا یاسای قەرز یاسایەکی کاتییە بەڵام یاسای بودجە کە بۆ مانگی داهاتوو دێت ئەوەیان یاسایەکی درێژخایەنە، راستە دەکرێ یاسای قەرز بەدڵی هەرێمی کوردستان نەبێت بەڵام هەموو دەرگاکانی دانەخستووە و چەند رێگەیەکی تێدایە.
شاندی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕوات و لەگەڵ حکومەتی عێراق دانوستان بکات لەسەر دوو خاڵ، سەبارەت بە بڕی ئەو نەوتەی کە رادەستی دەکات، چونکە بڕی ئەو نەوتە بە دیاریکراوی نەنوسراوە و بڕی ئەو پارەیەش کە وەریدەگرێت دیاری نەکراوە. واتە یاساکە هیچ شتێکی قفڵ نەکردووە و دەرگایەکە بۆ دانوستان بە کراوەیی ماوەتەوە. من پێموایە بەرپرسانی هەرێم دەبێ سوود لەم دەرفەتە وەربگرن.
“من پێموانییە هەرێمی کوردستان بەم دوو مەرجەی عێراق رازی بێت”
تائێستا بەغداد لە کۆبوونەوە جیاوازەکان ژمارەیەک مەرجی بۆ هەرێمی کوردستان داناوە و هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی بەشێکیان، مەرجی ئەمجارەی بەغداد چییە و بۆچی هەرێمی کوردستان ناتوانێ جێبەجێی بکات؟
حکومەتی عێراقی دوو مەرجی سەرەکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە نەوت رادەستبکات کە بڕەکەی ٢٥٠ هەزار یان ٢٠٠ هەزار بەرمیل بێت. مەرجی دووەم ئەوەیە ٥٠٪ داهاتە فیدڕاڵییەکە کە مەبەست لێی رسوماتی گومرگیە ئەویش رادەست بکات، تاوەکو ئەم ساتە من پێموانییە هەرێمی کوردستان بەم دوو مەرجە رازی بێت.
هۆکاری رازی نەبوونی هەرێمی کوردستان بەم دوو مەرجە چییە؟
هۆکارەکەی ئەوەیە دەیانەوێ ئەم شێوە بەرێوەبردنە بەدەستی خۆیانەوە بێت، حکومەتی عێراقیش دەیەوێت وەریبگرێتەوە.
داواکارییەکانی حکومەتی عێراق تا چەندە رەوا و دەستوورین؟
“دەستوور مەتاتییە هەریەکە بەویست و بەرژەوەندی خۆی رایدەکێشێت”
دەستوور مەتاتییە، هەریەکە بەویست و بەرژەوەندی خۆی رایدەکێشێت، بێگومان وەکو هەرێمی کوردستان تۆ دەتەوێ زۆرترین پشک ببەی، ئەویش وەکو حکومەتی عێراق کە خۆی لە قەیرانێکی قووڵی داراییە دەیەوێت کەمترین پشک بدات. عێراق ئێستا نزیکەی ١٦٠ ملیار دۆلار قەرزارە و ئەم قەرزانەی سەر عێراق بەدڵنیاییەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا زیاد دەکات، بە بڕوای من دەروات بۆ ١٨٠ تا ١٨٥ ملیار دۆلار، تۆ کاتێ خۆت ئەم قەیرانە قووڵە داراییەت هەیە دەست بۆ هەرێم شل ناکەی هەرچی ویست بیدەیتێ و هەرێمیش خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت و دەست بەسەر گومرگەکاندا بگرێت. بۆیە ئەمەی کە ئێستا دەڕوات تەکنیکی یارییەکە کە هەردوولا بەکاریدەهێنن، بۆیە بۆ دەربازبوون لەمە رێککەوتنێکی تۆکمە پێویستە، روون و شەفاف و راشکاوبێت و مەجالی تەفسیر هەڵنەگرێت.
لە پەرلەمانی عێراق ١١٢ پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردەوە بۆئەوەی مووچەکان راستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە دابەشبکرێت، پەرلەمانتارانی گۆڕانیشی تێدابوو کەچی لێرە پەرلەمانتارەکانی گۆڕان پاڵپشتی حکومەتن و بەشداریشن لە حکومەت وەکو فراکسیۆنی گۆران، ئایا جیاوازی نێوان سیاسەتی بەغداد و سیاسەتی هەولێر چییە لە بزووتنەوەی گۆڕاندا؟
“حکومەتی هەرێم دەتوانێت داهاتی فیدراڵی بدات و نەوت بدات لە بەرامبەردا مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکات”
جیاوازی هەیە، بیروڕامان جیاوازە و تێگەیشتنمان جیاوازە. یەکێک لەوانە ئێمە پێمان وایە گرنگ ئەوەیە مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، جا حکومەتی عێراق دەیدا یان هەرێم جیاوازی نییە. بەڵام باوەری من وایە ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نابێت، ناشبێت بە یاسا و لە دایکیش نابێت لەبەر ئەم خاڵانەی لە خوارەوە کە باسی دەکەم.
یەکەم: حکومەتی عێراق ناچێت ٩٠٠ ملیار دینار مانگانە بنێرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمیش لێرە نەوت بفرۆشن و داهاتی نەوت بە کەیفی خۆیان تەسەروفی پێبکەن.
دووەم: ژمارەی حەقیقی فەرمانبەران و فایلی فەرمانبەران و لیستی مووچەخۆران کە لیستێکی زیندووە و بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردادێت، لەلای حکومەتی عێراقی
هەر بوونی نییە.
سێیەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە بەرامبەر بە فەرمانبەران.
چوارەم: هەندێک برادەر پێیانوایە حکومەتی کازمی دێت لەبری ئەمە نەوتەکە وەردەگرێت و دەستبەسەر دۆسییەی نەوت و خاڵە سنوورییەکان دادەگرێت، ئەم بژاردەیە هەرگیز لەلای حکومەتی عێراق قبووڵ نییە و ئەمانیش قبووڵیان نییە. چونکە بەریەککەوتن دروست دەبێت. پێموایە هەموو ئەمانە لە کێشە بنەرەتییەکە دوورمان دەکەنەوە کە چارەسەرەکەی ئەوەیە، شاندی هەرێم بڕوات لەگەڵ عێراقدا رێکبکەوێت، ئەو بڕە نەوتەی پێویستە بیدات، ٥٠٪ داهاتی فیدراڵی بدات و لە بەرامبەردا مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکات.
فڕاکسیۆنی گۆڕان لە هەرێمی کوردستان بەشدارە لە حکومەت بەڵام بەڕێزتان وەکو ئەندامێکی فڕاکسیۆنی گۆڕان بەردەوام رەخنە لە حکومەت دەگرن و لە لێدوانەکانتان باس لەوە دەکەن کە کۆمەڵێک قاچاخ هەیە و ئەوەش مایەی قبووڵکردن نییە، حکومەت بەدواداچوونی بۆ ناکات، ئایا ئێوە بەشێک نین لە فڕاکسیۆنی گۆڕان یاخود هاوهەڵوێست نین لەگەڵ فڕاکسیۆنەکە؟
“لە بەرامبەر ئەم هەموو گەندەڵی و دزی و تاڵانییە قسە و هەڵوێستی خۆم دەبێت”
لە راستیدا دوو سێ تێبینی لەسەرە، یەکەمیان ئیشی پەرلەمانتار نییە لە حکومەتدا بێت یا لە حکومەتدا نەبێت. بە باش بڵێ باش و بە خراپیش بڵێ باش. ئیشی پەرلەمانتار ئەوەیە چاودێری حکومەت بکات. لەکوێ گەندەڵی و دزی و قاچاغی و خراپ بەڕێوەبردن هەبێت هەڵوێستی هەبێت.
دووەم، وەکو شەخسی خۆم من لە دانووستاندا بووم، لە رێککەوتنەکاندا بووم، ئەو رێککەوتنانەی گۆڕان کردوویەتی جێبەجێیان نەکردووە، واتە رێزی واژۆ و رێککەوتن نەگیراوە. ئایا ئەوان کە رێککەوتن جێبەجێ ناکەن دەبێ من هەر بێدەنگ بم لەم گەندەڵییە لەبەر ئەوەی سێ چوار وەزیرمان هەیە؟ نا بە دڵنییاییەوە کاتێک کە ئەوان رێککەوتنیان واژۆ دەکەن و جێبەجێی ناکەن، منیش لە بەرامبەر ئەم هەموو گەندەڵی و دزی و تاڵانییە قسە و هەڵوێستی خۆم دەبێت.
پێش چەند رۆژێک گوێبیست بووین کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەرێز رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی ئاگادار کردەوە و سزاشی بۆ مەلا بەختیار دانا، ئێوەش ناترسن حیزبەکەتان سزایەکتان بدات بەهۆی جیاوازی هەڵوێستەکەتانەوە؟
نەخێر کەس ناتوانێت سزای من بدات، من نوێنەرایەتی خەڵک دەکەم.
دەمەوێت ئەوە بپرسم، بزوتنەوەی گۆڕان لە سەردەمی بەرێز نەوشیروان مستەفا هەڵوێستێکی روونی هەبوو و سیاسەتێکی ئاشکرای هەبوو، ئایا ئێستا بۆچی هەمان هەڵوێستی نییە؟
بەدڵنییاییەوە کاک نەوشیروان سەرکردەیەکی کاریزما بوو، روئیای سیاسی هەبوو پلانی هەبوو و ئەجیندای هەبوو و کاریگەری هەبوو، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەجۆرێکی تر تێروانینیان لە بەرامبەری هەبوو. کاک نەوشیروان بەوە ناسرابوو پیاوی قەرارە قورسەکان بوو، بەدڵنییاییەوە ئەوانەی کە دوای ئەو هاتوون بەرێوەبردنی گۆڕان دەکەن، نە ئەو توانایەیان هەیە، نە ئەو روئیایەیان هەیە، نە ئەو ئیمکانییەتەیان هەیە و نە توانای ئەو قەرارەیان هەیە.