دكتۆر عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، رایگەیاند، تا ئێستا 133 هەزار كرێكار لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆماركراون و ئەوەش دەخاتەڕوو كە لەو ژمارەیەش 14 هەزاریان كرێكاری بیانین و ئەوانی دیكە كرێكاری ناوخۆن.
دكتۆر عارف حیتۆ ئەوەش دەخاتەڕوو، “لە وەزارەتی كار لەگەڵ قەیرانی دارایی پلانێكمان دانا بۆ كەمكردنەوەی كرێكاری بیانی و رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ كرێكاری خۆماڵی، بۆیە ئەو كرێكارانەی لە رێگای وەزارەتەوە دێنە هەرێمی كوردستان، زۆربەیان كرێكاری خزمەتكاری ناوماڵن چونكە ئەو جۆرە كرێكارانە لە كوردستان دەستناكەوێت بۆیە ئەو خەڵكانەی كە كرێكاری ناوماڵیان پێویستە، ئەوا كرێكارەكان دەهێنن، ئەوانە زیاتر لە وڵاتە ئەفەریقییەكان و ئەندۆنیزیا و وڵاتە ئاسیاییەكانەوە دێن”.
تایبەت بە ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەی كە كرێكارانی بیانی دەهێننە هەرێمی كوردستان، ناوبراو وتی، “بە گشتی مۆڵەت بە 197 كۆمپانیا دراوە كە كرێكاری بیانی دەهێننە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەو ژمارەیەش لە ئێستادا تەنیا 51 كۆمپانیا كاران، ئەوانی دیكە یان راگیراون یان لە لیستی رەشدان، هەر كۆمپانیایەكی هێنانی كرێكاری بیانی بەپێی رێنماییەكانی ئێمە كار نەكات ئەوا بەپێی سەرپێچییەكە جۆری مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت”.
سەبارەت بە ئاماری خانەنشینانی كەرتی تایبەت ئەوەی ئاشکراکرد، “خانەنشینەكانی كەرتی تایبەت ژمارەیان لە 800 كەس تێنەپەڕیووە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە كاتێك كرێكارێك ساڵێك بەسەر تەواوبوونی گرێبەستەكەی تێپەڕدەبێت، دێ داوای پاداشتی كۆتایی خزمەت دەكات، ئەو پاداشتەی كە لەلای ئێمە وەردەگیرێت دوای ئەوە دەستبەرداری هەموو مافێكی خۆی دەبێت بۆ خانەنشینكردن، هەر بۆیە گرنگی دەستەبەركردن ئەوەیە كە كۆمەڵێك ئیمتیازی تێدایە ئەویش بریتیە لەوەی كە كرێكاری كەرتی تایبەت وەكو كارمەندی كەرتی گشتی بۆی هەیە خانەنشین بێت بەڵام بە مەرجێك پیاو تەمەنی بگاتە 60 ساڵ و ئافرەت 55 ساڵ، یان پیاو 25 ساڵ و ئافرەت 20 ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوا ئەوكاتە مافی خانەنشینی دەبێت، ئەگەر تەمەنەكە گەیشتە 60 ساڵ و ئەو خزمەتەی نەبوو، ئەوا پاداشتی كۆتایی پێ دەدرێت”.