دژی وتەكانی مالیكی، لایەنگرانی سەدر چوونەسەر شەقام و خۆپیشاندانیان دەستپێكرد.
ئەمشەو لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی سەدر، دژی وتەكانی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا خۆپیشاندانیان دەستپێكرد و هوتاف دژی ناوبراو دەڵێنەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكانی نوری مالكی كە بە نەرێنی باسی موقتەدا سەدر دەكات و هەڕەشەی ئەوە دەكات كە ئەگەر سەدر شەڕ هەڵبگیرسێنێت، ئەوا ئەویش بەرگری لە خۆی دەكات، لایەنگرانی موقتەدا سەدر خۆپیشاندانیان لە بەغداد و زیقار دەستپێكرد.
دەستپێكی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر لە شاری ناسڕییەی ناوەندی پارێزگای زیقارەوە دەستیپێكرد و دواتر لە چەند شارۆچكەیەكی تری پارێزگاكە خۆپیشاندان سەریهەڵدا.
بەپێی میدیای عێراقی، لایەنگرانی سەدر هوتافیان لە دژی مالیكی وتووە و تۆمەتباریانکرد بەوەی “دەیەوێت سەدر بكوژێت”.
هاوكاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان، موسڵح محەمەد عێراقی كە بە كەسێكی نزیك لە موقتەدا سەدر دادەنرێت و لێدوان و پەیامەكانی بەوە پێناسە دەكرێن كە گوزارشت لە بۆچوونی خوودی سەدر دەكەن، لە رێگەی تویتەرەوە پەیامێكی ئاراستەی سەدرییەكان كرد و داوایان لێدەكات دژ بە تۆمارە دەنگییەكانی مالكی خۆپیشاندان نەكەن.