دوو گەوهەری قەڵای هەولێر ( ئەربیل ) نۆژەندەکرێتەوە

دوو گەوهەری قەڵای هەولێر ( ئەربیل ) نۆژەندەکرێتەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
دوو گەوهەری قەڵای هەولێر ( ئەربیل ) نۆژەندەکرێتەوە
0

لایک

قه‌ڵاى هه‌ولێر ( ئەربیل ) یه‌كێكه‌ له‌ پێگه‌ شارستانیه‌ به‌رچاوه‌كانى هه‌ولێر، كه‌ خاوه‌نى ئه‌و شێوازه‌ ته‌لارسازى و كاره‌كته‌رێكى بیناسازی گرنگه‌ به‌ درێژایی ٦٠٠٠ ( شەش هه‌زار ) ساڵ زیاتر تا ئه‌مڕۆكه‌ ژیانى تێدا به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت بیكه‌ین به‌ یه‌كێک له‌ كۆنترین شوێنى نیشته‌جێبوون له‌ ئاستى جیهان .
له‌نێو قه‌ڵاتى هه‌ولێر دیوه‌خانه‌كان و ته‌كیه‌كان و خانووى كه‌له‌پووری و باڵه‌خانه‌ گشتییه‌كان و گەرماو و مزگه‌وت و خانووى گه‌وره‌ تێدا بوونى هه‌یه‌ . بێجگه‌ له‌وه‌ش خاوه‌نى ٣ گه‌ڕه‌كى فراوانه‌، ئه‌وانیش سه‌راى و ته‌كیه‌ و تۆپخانه‌ .

لە ساڵی ٢٠١٤ ـەوە قەڵای هەولێر لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە، وەک شوێنەوارێکی جیهانی دەستنیشان کراوە، قەڵاکە ماستەرپلانی بۆ دیزاین کراوە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ و دوای ئەوەی دانیشتووانی قەڵا قەرەبوو کرانەوە، دەست بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی کرا، بەڵام وەک هێمایەک بۆ مانەوەی ژیان لەو شوێنە، ماڵباتێک لەناو قەڵا مایەوە . لە ئێستاشدا چەند پڕۆژیەکی نۆژەنکردنەوە لە قەڵای هەولێر جێبەجێ دەکرێت .
یەکێک لە کارەکان کە لەئێستدا لە قەڵای هەولێر ئەنجام دەدرێت، نۆژەن کردنەوەی منارەی مزگەوتی قەڵا و گەرماوی قەڵاکەیە . کە رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٢ . ٤ . ١٤ ، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و شێخ باز شێخ رەئوف بەرزنجى، خاوەنى کۆمپانیاى کار، لەسەر قەڵاى هەولێر، یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنیان بۆ پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەی منارەکە لە نێوان پارێزگاى
هەولێر و کۆمپانیاى کار واژۆکرد و بۆ قسەکردن لەو بارەیەوە چاوپێکتنێکمان لەگەڵ هێژا زاهیر، بەرپرسی
بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر ئەنجامدا .

لە سەرەتای قسەکانیدا هێژا زاهیر باسی لە نۆژەنکردنەوەی منارەی مزگەوتی قەڵای هەولێر کرد و ئاماژەی بەوەدا، “نۆژەنکردنەوەی منارەی قەڵا نزیکەی هەفتەیەکە کاری لێدەکرێت لەلایەن کۆمپانیای ” گێما ” کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت، کە دیارە کۆمپانیایەکی دیاری چیکی – ـە کاری تایبەتە بە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان، هەروەها چەندین خانووی لە قەڵا نۆژەن کردووەتەوە “.

هاوکات هێژا زاهیر باسی لە مێژووی منارەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا، “سەبارەت بە مێژووی منارەکە
لە ئێستادا تیمەکە لێی دەکۆڵنەوە تا بزانن مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ کەی،بەڵام بەپێێ لێکدانەوەکان کاتێک ئایینی ئیسلام هاتووە، شوێنی منارەکە جێگای پەرستشی ئایینێکی دیکە بووە، دواتر کراوەتە مزگەوت و منارەکە دروستکراوە، واتە مێژوویەکی یەکجار کۆنی هەیە منارەکە”.

بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر لەبارەی وەڵامی پرسیاری وادەی کۆتایی هاتنی کاری نۆژەنکردنەوەکە وتی، “بەراستی منارەکە کاتێکی زۆری دەوێت بۆ نۆژەنکردنەوە، چونکە زۆر بە وردی کاری لەسەر دەکەن و بەهۆی ئەوەی هاوین لە هەولێر زۆر گەرم دەبێت کارکردن تێیدا دەوستێت، بەڵام بە مەزەندەی ئێمە بۆ مانگی ١٠ کارکردن تێیدا تەواو دەبێت”.

یەکێکی دیکە لە پرۆژە گرنگەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر نۆژەنکردنەی گەرماوی قەڵای هەولێرە، لە بارەی میژووی گەرماوەکە هێژا زاهیر وتی، ” گەرماوەکە بەپێی دۆکۆمێنتە کۆنەکان عەبدوڵا پاشا کە فەرمانڕەوای ئەم ناوچەیە بووە ساڵی ١٧٠٠ دەڵێت من نۆژەنمکردووەتەوە و شانازی پێوە دەکات، کەواتە بێگومان تەمەنی لەوە کۆنترە کە بە مەزەندەی ئێمە لە تەمەنی ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستایە”.

شایەنی باسە هێژا زاهیر باسی لە دیزاینی گەرماوەکە کرد و رایگەیاند، “گەرماوەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی پێشەوەی هۆڵی پێشوازیکردنە، دواتر ژووری خۆگۆڕین و هۆڵەکەی دواشەوە شوێنی خۆشۆردن بووە، لەم بەشە ژوورێک هەیە پلەی گەرمیەکەی کەمتر بووە بۆ ئەو کەسانەی حەزیان لە گەرمی زۆر نەبووە و بەشێکی بچووکیشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە حەزیان نەکردووە کەس بیانبینێت یان کێشەی پێستیان هەبووە لەوێ خۆیان شۆردووە”.

هاوکات لەبارەی بوودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە هێژا زاهیر ئاماژەی بەوەکرد، “نۆژەنکردنەوەکە بە پاڵپشتی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دەکرێت و ئەوان بوودجەیان بۆ تەرخانکردووە، نۆژەنکردنەوەکە پرۆسەیەکی زۆر دوورودرێژە چونکە شوێنێکی شوێنەواری تەواوە و دەبێت بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئێستا گەیاندوومانەتەوە سەر ئەسڵە کۆنەکەی کە خۆی دروستکراوە چۆن بووە “.

بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر وتیشی، ” لێرە هێما هەیە لەسەر دیوارەکان کە خودی سیمبوڵەکە کۆنە و بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە کە بریتین لە سیمبوڵەکانی ئایینی کۆن، بۆنموونە سیمبوڵێک هەیە کە دوو سێگۆشەیە و تێکەڵ بوون و لە ناوەڕاستیدا گوڵێک هەیە کە ئەمە ئاماژەیە بۆ تێکەڵبوونی ژن و پیاو و دروستبوونی منداڵ، گوڵەکە منداڵەکەیە، ئەمە سیمبوڵی ئایینێکە، هێمایەکی دیکە هەیە کە بەشێوەی ئەندازیاری دروستکراوە “.

وتیشی ” نۆژەنکردنەوەی گەرماوەکە لەساڵی ٢٠١٦ دەستی پێکردووە، پلانمان وادانابوو کە بە دوو ساڵ تەواوبێت، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا پرۆژەکە وەستا، ئێستا لەو قۆناغەداین کە کۆنکریتی دیوارەکانمان بەتەواوی لێکردووەتەوە و کردوومانەتەوە سەر بنچینە سەرەکییە کۆنەکەی خۆی و ئێستا لە قۆناغی رووپۆشی زەویین “.

شایەنی باسە بەپێی بڕیاری کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دوای نۆژەنکردنەوەی گەرماوەکە دەبێت گەرماوەکە بەڕووی هاووڵاتیان بکرێتەوە لەم بارەیەوە هێژا زاهیر رایگەیاند، ” بەپێی ئەو بوودجەیەی بۆی تەرخانکراوە لەلایەن کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بۆ ئەوەبووە کە بەکاربهێندرێتەوە، بەڵام ئێمە وەک شوێنەوارناسان ئەوەمان پێ باشە کە بکرێتە مۆزەخانە چونکە ئەگەر وابکەین وەک گەرماو بەکاربێتەوە ئەوا گەشتیارێکی زۆر لە بینینی بێبەش دەبێت “.

دەربارەی ئەوەی کێ گەرماوەکەی بەکارھێناوە، بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای ھەولێر، ھێژا زاھیر دەلێت، ” بەپێی دۆکۆمێنتەکان لەسەر قەڵا ٥١٢ ماڵ ھەبووە و ھەموو ئەو ماڵانە سوودیان لەو گەرماوە وەرگرتووە و چونکە لە ماڵەکاندا گەرماوی تایبەت نەبووە و ئاو گەرمکردن لەو سەردەمەدا قورس بووە بۆیە ھەموویان ئەمەیان بەکارھێناوە “.


لەلایەکی دیکەوە هێژا زاهیر باسی لە دووبارە ژیانکردن لە قەڵای هەولێر کرد و باسی لەوەکرد، “یەکێک لە تایبەتمەندیییەکانی قەڵا کە تائێستا ژیانکردن تێیدا بەردەوامە، چەندین قەڵا لە جیهان هەن بەڵام ئەوەی قەڵای هەولێر جیا دەکاتەوە لە قەڵایەکانی دیکە لە هیچ سەردەمێک نەبووە ژیانکردن لە قەڵای هەولێر نەبێت بەردەوام ژیانی تیادا بووە، بۆیە ئێمەش نابێت ئەم تایبەتمەندییە لاببەین، گەر ژیان کردن لە قەڵا بوەستێت ئەویش لە لیستی شوێنەوار نامێنیت”.

هاوکات وتیشی، “لە ئێستادا دوو خێزان بەبەردەوامی لەسەر قەڵای هەولێر دەژین، بۆ ئەوەی ژیان کردن بەردەوام بێت لە ئێستادا ئەو دوو خێزانە لێرەن، دواتر کاتێک نۆژەنکردنەوەی خانووەکانی قەڵات تەواو دەبێت بریار دراوە ٧٠ خانوو تایبەت بکەین بۆ خەڵک کە تیایدا بژین”.

لەکۆتاییدا هێژا زاهیر بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای ھەولێر لەبارەی پرسیاری هاووڵاتیان کە دەڵین بۆچی پەیکەری ئیبن مستەوفی لە بەردەم دەرگای قەڵای هەولێر لابرا وتی، “روخاندن و دووبارە دروستکرنەوەی دەرگای گەورەی قەڵا کە پرۆژەیەکی زۆر گەورە بوو خەڵکێکی زۆر پرسیاریان لا دروست بووە کە بۆچی رووخاندمان یاخود بۆچی پەیکەری ئیبن مستەوفی لادرا، دەمەوێت لێرەوە بیڵێم ئەو شتانە رەسەن نەبوون و تایبەت نەبوون بەقەڵا دەستکاری کرابوو و ئەو دوو شتە لەستایلی قەڵا دووربوون”.