پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، لە کاتژمێر 4ی بەیانیدا کە هاوکاتی پارشێوکردنە، دوو کەسیان بەتۆمەتی دزینی ئالیکی ئاژەڵ، لەناو هۆڵێکی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتدا دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ 17ی نیسانی 2022، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، “لەدوای وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوونی وردی هێزەکانمان، لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک لە ناحیەی حاجیاوا، بەرواری 16ی نیسانی 2022، کاتژمێر 4ی بەیانی، توانرا دوو کەس لە کاتی دزیکردندا لەناو هۆڵی مەڕ و ماڵات لە ناحیەی حاجیاوا دەستگیربکرێن”.
دەستگیرکراوەکان یەکێکیان ناوی (ش،ع.س)ـە و لەدایکبووی 1988، ئەوەی دیکەیان ناوی (ف،س،ت) لەدایکبووی ساڵی 1980 یە، بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیس، لە کاتی “دزینی ئالیک و گەنم و عەلف”ی خاوەن ئاژەڵێکدا دەستگیرکراوان، هاوکات دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبیلێکدا.
پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند، “دوو تۆمەتبارەکە، دوای لێکۆڵینەوە، لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا، دانیان بە تاوانەکەیاندا نا و هەروەها چەندین تاوانی دیکەیان ئاشکراکرد، کە لەکاتی جیاجیا و لە رابردوودا، لە هەمان شوێن ئەنجامیانداوە”.
هەردوو تۆمەتبارەکە، بەبڕیاری دادوەر لە زینداندا بە راگیراوی دەمێننەوە و بەگوێرەی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.