دوو میوان و دوو بابەتی جیا لە پرۆگرامی ئارزوحاڵ

دوو میوان و دوو بابەتی جیا لە پرۆگرامی ئارزوحاڵ

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
دوو میوان و دوو بابەتی جیا لە پرۆگرامی ئارزوحاڵ
0

لایک

پرۆگرامی ئارزوحاڵ هەموو چوارشەممەیەک کاتژمێر ٨ی ئێوارە لەرێگەی گروپی میدیایی تەبا لە یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەخش دەکرێت.

 

پرۆگرامەکە کە لەلایەن زیا عوزێری ئامادەکراوە و چۆبان تەیمور دەرهێنەرەکەیەتی توانی لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران بینەری هەبێت.
هەر پرۆگرامێکی بەرنامەکە بوار دەرەخسێنێت بابەتی جیا لەگەڵ کەسانی جیا بخرێتە بەر باس و سەرەنجام تابلۆیەکی رەنگاورەنگمان بۆ درووست دەبێت.

 

شەعبان هەولێری، ئەکتەری کۆمیدی و یوسف کەماڵ، مامۆستا و توێژەری کۆمەڵایەتی تورکمان میوانی ئەم هەفتەیەی پرۆگرامی ئارزوحاڵ بوون.

 

 

کۆمیدی شاری هەولێر(ئەربیل)

شەعبان هەولێری کە لە راستیدا ناوی یەعقوب-ە لە دەستپێکی قسەکانی لەبارەی ناوەکەی و هەندێک لەیەک تێگەیشتنی هەڵە رایگەیاند، “پێشتر من هەر بە یەعقوب بانگ دەکرام و ناونرابووم، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٩ یاخود ٢٠٠٠ برادەرێک لە کەناڵی بزووتنەوە پێی ووتم دەمەوێت پێکەوە پرۆگرامێک بکەین. منیش پێم وت باشە ناوەکە دادەنێم، بەو جۆرە ناوی پرۆگرامەکەم دیاریکرد. پێم وت ناوی تۆ چییە؟ وتی رەمەزان. منیش پێم وت باشە منیش دەبمە شەعبان. بۆ ئەوەی وەزن و قافیەکەی یەک بێت. زۆر کەس هەیە لێم دەپرسێت کە ئەم ناوەم لەسەر ناوی کەماڵ سوناڵ داناوە، منیش لە وەڵامدا دەڵێم نەخێر بابەتەکە بەو جۆرە نییە”.

 

هەولێری لەسەر دەستپێکی چوونە ناو جیهانی هونەرییەوە رایگەیاند، کە لە ساڵی ١٩٩١-ەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و دەشڵێت، “لە ساڵی ١٩٩١ لە کەناڵی یەکگرتن دەستم پێکرد. لە ساڵی ٩١ سیناریۆم دەنووسی بۆ نموونە هەندێک نوکتەمان دەکردە سیناریۆ. ئەوانەشم دەکردە نواندن. بۆ نموونە نوکتەیەکم دەنووسی رێکم دەخست و دەمدا بە برادەران و نواندنمان بۆی دەکرد”.

 

ئەو باسی لەوە کرد کە لەو سەردەمەدا پرۆگرامی راستەووخۆی پێشکەش کردووە، خۆیشی بەوە ناو دەبات کە یەکەم کەس بێت لە کەناڵەکان راستەوخۆ نواندی کردبێت بە بووکەڵەی منداڵان. شەعبان هەولێری لەبەرامبەر پرسیارەکەم “تا ئێستا بەشداریت لە چەند فیلم کردووە؟” وتی، “لەسەد زیاترە”.

 

لەبارەی کارکردنەوە شەعبان هەولێری رایگەیاند کە ماوەی ساڵێک و ٩ مانگە بێکارە، ئەو گازەندەی لەوەش کرد کە لە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەت دانەمەزراوە.

 

لەلایەن بینەرانەوە ئاشکرایە کە هەندێک لە سکێجەکانی شەعبان هەولێری بە زمانی تورکمانییە و خۆیشی بە باشی تورکمانی قسە دەکات، کاتێک پرسیاری ئەوەم لێکرد ئایا هەولێری؟ وتی، “دایکی من بە رەچەڵەک تورکمانە. باوکی دایکم بە ئەسڵ خەڵکی کەرکوکە. سەردەمانێک لە کەرکوکەوە هاتوونەتە هەولێر. شانازی بە تورکمانبوونی دایکمەوە دەکەم، سەرم بڵندە. مرۆڤ تورکمان، کورد یاخود عەرەب بێت هیچ عەیبێکی تێدا نییە. لە بنچینەدا هەموومان بەندەی خودایین. باوکم خەڵکی چەمچەماڵە بەڵام باپیرم لەمێژە هاتوونەتە هەولێر. لەلای من ئەوە گرنگە کە لەگەڵ خەڵک چۆن دەژیم، مرۆڤ سەر بە چ نەتەوەیەکە بۆ من زۆر گرنگ نییە”.

 

شەعبان هەولێری لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو و زۆر سووپاسی هاووڵاتییانی شاری کەرکوکی کرد و وتیشی، “لێرەوە سوپاسی بێپایانم هەیە بۆ خەڵکی شاری کەرکوک، بەتایبەتی هاورێ هونەرمەندانم لەو شارە. لە هەولێریش تەنها چەند کەسێک لە ئەحواڵیان پرسیم کە ژمارەکە لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت”.

 

لەسەر پرسیارم لەبارەی دوورکەوتنەوەی شەعبان هەولێری لە نواندن و رێکلام، ئەو وتی، “کەناڵەکان دەیانەوێت هونەرمەندان بەبێ وەرگرتنی پارە کار بکەن. ئەوان دەیانەوێت تەنها پارەی فەلافلەکەی نیوەڕۆت بدەنێ و هەندێک پارەشت بدەنێ بۆ هاتوچۆیەکەت. لەبەرامبەردا دەڵێن کەناڵەکەی ئێمە گەورەیە و زەبەلاحە تۆ لە کەناڵەکەمان دەردەکەویت. بۆیە پارەیەکی زۆر کەمت پێدەدەن”.

 

لە کاتی پرۆگرامەکەم شەعبان هەولێری رایگەیاند کە سوپرایزێکی هەیە، کاتێک لێم پرسی، بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە:
“لە راستەوخۆیەکەی هەژماری تایبەتی خۆم رامگەیاند کە واز لە کاری هونەری دەهێنم. من باسم لەوە کرد کە واز لەو هونەرە دەهێنم کە تا ئێستا کردوومە. هەمووی بە کەموکورتییەوە دەبینم چونکە گەر بە جێگەی خۆی بگەیشتبا بێگومان شتێکم بۆ دەکرا. باشە بۆ چی بە پێگەی خۆی نەگەیشت؟ چونکە ئافرەتی رووتی تێدا نییە، یاخود ماچ و مووچی تێدا نییە. هەوڵ دەدەم ببم بە هونەرمەندێک بتوانم پەیامی خۆم هەبێ”.

 

لەکۆتاییدا دوا وتەی شەعبان هەولێری، ئەکتەری بەناوبانگی بواری کۆمیدی شاری هەولێر(ئەربیل) وتی، ” کۆتا قسەم.. بەخودا نازانم چی بڵێم چونکە هەر چی دەڵێم تەنها خۆم گوێم لێی دەبێ. کەس نییە گوێی لێبێ و گوێمان لێبگرێ”.

 

 

میوانی دووەمم یوسف کەماڵ بەننا، مامۆستا و توێژەری کۆمەڵایەتی بوو

مامۆستا یوسف کەسێکی کۆمەڵایەتی و ناسراوە لە شاری هەولێر(ئەربیل) بە حوکمی ئەوەی لە خێزانێکی ناسراوی هەولێر(ئەربیل)ەوە هاتووە. ئەو شارەکە بە خاوەنی چەند تایبەتمەندییەکی جیاواز ناودەبات. هەروەها باس لەوە دەکات کە هەر کەسێک رابردووی نەبێت، داهاتووی نابێت و هۆگرییەکەشی بۆ ئەو شارە بەوەوە دەبەستێت.

 

یوسف بەننا پێی وایە هەوڵی خانەوادە و پیشە رەسەنەکانی هەولێر(ئەربیل) و کشتوکاڵی دەورووبەری شار لەناو یەک ئاوێتە بوونە و بەو پێیەش ئەو دەڵێت هەولێر(ئەربیل) شارێکی تەواوکەرەوەی یەکتر و شاهانەیە!

 

مامۆستا یوسف باس لەوە دەکات کە خانەوادە رەسەنەکانی شاری هەولێر(ئەربیل) دڵفراوان بوونە بەرامبەر بەو خەڵکەی کە حەزیان لەوە بووە لە شار بژین و ژیانیان بەڕێ بکەن. ئەو دەشڵێ، “گەر ئازادیی شار هەڵبژاردنم پێ بدرێت، من دووبارە هەولێر هەڵدەبژێرمەوە”.

 

لێم پرسی کە خۆی ئەندامی خانەوادەیەکی تورکمانە بەڵام لەرووی قسەکردنەوە کێشەی هەیە و بە زمانی تورکمانی ناتوانێت بە باشی قسە بکات، لە وەڵامدا مامۆستا یوسف دەڵێت، “لە ساڵی حەفتاکان دوای ئەوەی گەڕاینەوە شاری هەولێر لە قوتابخانەیەکی کوردی ناونووس کرام، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە کوردیم نەدەزانی، لە پۆل مامەوە. لە هەمان ساڵ ماڵمان گواسترایە گەڕەکی بەستەپیازەی شاری هەولێر. شتێکی ئاشکرایە کە دەورووبەری هەولێر زیاتر خەڵکە کوردەکەی لێیە. بێگومان لە ساڵی حەفتاکان ئەو ناوچەیە وەکو دەورووبەری هەولێر هەژمار دەکرا“.

 

یوسف بەننا وتیشی، “لەو گەڕەکە بە کوردی قسە دەکرا و ئێمەش بەهەمانشێوە قسەمان دەکرد. جار جار دایک و باوکم بە تورکمانی قسەمانی لەگەڵ دەکرد بەڵام ئێمە بە کوردی وەڵاممان دەدایەوە“.

 

مامۆستا یوسف دەشڵێت، “زۆر هەست بە حەسرەت دەکەم کە زمانەکە بە باشی نازانم چونکە شتێکی ناخۆشە ئینتیمات بۆ نەتەوەیەک هەبێت و شانازی پێبکەیت، بەڵام زمانەکەی نەزانی. قسەیەکم هەیە بۆ مناڵەکانم و نەوەکانم کە دەمەوێت ئەوان بە تورکمانی قسە بکەن.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە کوڕەکەم لە ئێستادا لە کۆرسی زمانی تورکییە“.

 

یوسف بەننا رۆمانێکی نووسیوە و لە ئێستادا لە قۆناغی چاپکردن دایە. بەننا لەبارەی رۆمانەکەی وتی، “دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەتوانین بڵێین چەرخی زێڕینی رۆمانە لە عێراق و زیاتر لە ٥ هەزار رۆمان نووسراوە جگە لە رۆمانە کوردییەکان. خۆتان دەزانن رۆمان واتە رووداو، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣-ش رووداوەکان زۆر بە خێرایی روویاندا و بۆیە هەر رۆمانێک بکەوتبا دەستم جا چی ئەلیکترۆنی بێت یاخود کتێب دەمخوێندەووە“.

 

لە بەردەوامی قسەکانیدا بەننا وتیشی، “تورکمان چەند ساڵێکە هەوڵی داوە و کۆششی کردووە و بەشداری لە شۆڕشەکاندا کردووە بە راددەیەک کەخۆی لەبیرکردووە زیاتر لەوەی کە تورکمانە، بەڵکو زیاتر لەگەڵ شۆڕشی کوردی بووە و تێکەڵبووە. بۆ نموونە مامم شبیب لە ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە و شەهیدی ئەیلول بووە“.

 

یوسف بەننا تیشک دەخاتە سەر پرسیارێک و دەڵێت، “ ئاخۆ بۆچی لەو سەردەمەدا هەوڵێک نەبووە بۆ بزووتنەوەیەکی تورکمانی؟ لە رۆمانەکەمدا وەڵامی پرسیارەکەم داوەتەوە. ساڵی ١٩٩٠ کە لە رۆمانەکەدا دەستنیشانم کردووە، بە نەرمترین ساڵی حکومەتی بەعس هەژمار دەکرێت. من هەر خۆم لە بەغداد ژیاوم و چاودێریم کردووە. هەر بۆیە رۆمانەکەم ناونا “حالم ببغداد”. لە ئێستادا رۆمانەکەم لە چاپ دایە و زۆر کەسیش یارمەتی داوم“.