پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، شەوی رابردوو کەسێکی تەمەنی 46 ساڵ بەهۆی ئەوەی کە ئاسەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە بووە، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و دەشڵێت، بەوتەی خوشکی بریندارەکە، لە لایەن دوو برای دیکەیەوە بە چەقۆ بریندار کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پۆلیسی راپەڕین کە درەنگانی شەوی رابردوو 19-08-2022 بڵاوکراوەتەوە. کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە کەسێک کە ناوی ( ک، م، ک )ـە و دانیشتووی ناحیەی ژاراوەی سەر بە قەزای پشدەرە، لە لایەن دوو برایەوە بە چەقۆ بریندار دەکرێت و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.
پۆلیسی راپەڕین لە زاری خوشکی بریندارەکەوە دەڵێت، “لە لایەن دوو برایەوە بە چەقۆ بریندار کراوە” و رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی نێوان خۆیانەوە بووە.
جێی باسە، دوای دروستبوونی دەماقاڵێ، رووداوەکە روویداوە و بەهۆیەوە کەسەکە بەسەختی بریندار بووە.
هاوکات، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 و 31 لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەردوو برا هێرشکارەکە دەرچووە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.