بەرپرسی کارەکانی سەلمان روشدی رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی نووسەری کتێبی “ئایەتە شەیتانییەکان”، سەلمان روشدی کە لە کۆنفرانسێکدا لە نیویۆرک درایە بەر چەقۆ و بریندار کرا، بەرەو باشتر دەڕوات.
لە پەیامێکدا ئاندرو وایڵی، بەرپرسی کارەکانی روشدی رایگەیاند “دۆخی باشتر بووە، بەبێ ئامێری هەناسەدان دەتوانێت قسە بکات، تەنانەت دەتوانێت گاڵتەش بکات” و وایڵی، لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی راگەیاند کە ماوەی چاکبوونەوەی روشدی-ی تەمەن ٧٥ ساڵان هێشتا زۆری دەوێت.
هاوکات، ئەوەش راگەیەندرا کە هێنری ریس-ی تەمەن 73 ساڵان بەڕێوەبەری ئەو پانێلەی کۆنفرانسەکە کە سەلمان روشدی تێیدا بریندارکرا و هەوڵی پاراستنی روشدی دا، نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە.
سەلمان روشدی، نووسەری بە رەچەڵەک هیندی کە لە ساڵی 1988 کتێبی “ئایەتە شەیتانییەکانی” نووسیەوە ناڕەزایەتی جیهانی ئیسلامیی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەوەبوو رابەری ئەوکاتی شۆرشی ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی فەتوای کوشتنی دا.
هێرشبەرەکە پێش رووداوەکە وانەی فێربوونی بۆکسێنی وەرگرتووە
هادی مەتار-ی تەمەن 24 ساڵان کە بە تۆمەتی بە چەقۆ هێرشکردنە سەر روشدی تۆمەتبار کراوە، دەرکەوتووە کە لە 11ـی نیسان ناوی لە یانەیەکی بۆکسێن لەو گەڕەکەی کە لە شاری نیویۆرک تێیدا نیشتەجێیە تۆمار کردووە و چەند رۆژێک پێش رووداوەکە وازی هێناوە.
هێرشەکەی سەر سەلمان روشدی
سەلمان روشدی، نووسەری کتێبی “ئایەتە شەیتانییەکان” کە بۆ کۆنفڕانسێک چووبووە پەیمانگای چاوتاوکوا لە ناوچەی باکووری رۆژئاوای ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمریکا، بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر.
روشدی دوای ئەوەی لەلایەن کەسێکی جل و بەرگ رەش و دەمامکدار بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر کەوتە سەر زەوی و هێرشبەرەکە دەست بەجێ لە شوێنەکە دەستگیر کرا.
پارێزگاری نیویۆرک، کەتی هۆچول رایگەیاندووە، روشدی دوای ئەوەی بریندارکراوە خوێنی زۆری لەبەر رۆیشتووە، بەڵام لە ژیاندایە و “ئەوەی پێویست بووە بۆی ئەنجام دراوە”.
سەلمان روشدی کە بە کتێبی ‘ئایەتە شەیتانییەکان’ لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا کاردانەوەی جیهانی ئیسلامیی بەدوای خۆیدا هێنا، لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی فەتوای کوشتنی بۆ درابوو.