دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر.. لایەنەکانی رزگاری نیشتمانی کۆدەبنەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر.. لایەنەکانی رزگاری نیشتمانی کۆدەبنەوە

دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر.. لایەنەکانی رزگاری نیشتمانی کۆدەبنەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر.. لایەنەکانی رزگاری نیشتمانی کۆدەبنەوە
0

لایک

سەرچاوەیەکی ئاگەدار رایگەیاند، دوا بە دوای کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی هاوپەیمانی سیاسی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی ئەنجام دەدەن.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی شەفەق نیوز کە زانیاریی لە سەرچاوەیەکی ئاگادار وەرگرتووە، بڕیار وایە سبەی یاخود دووسبەی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە بەڕێوەبچێت.

هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دوای کشانەوەی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران و هەنگاونانی یەکگرتوو لە نێوان هەرسێ لایەنەکە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ دووشەممە لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە عەمان ـی پایتەختی ئوردن ئاماژەی بە دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجومەن کرد و رایگەیاند کە لایەنەکان بەردەوام دەبن لە پێکهێنانی حکومەت.

هاوکات حەلبوسی باسی لەوە کرد کە هەوڵیان داوە بۆ پاشگەزکردنەوەی سەدر لە بڕیارەکەی و وتی، “ئەو پێی باش بوو ببێتە قوربانی نەک پەکخەر”.

لەبارەی پرۆسەی دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر، حەلبوسی رایگەیاند، “بەگرنگی دەزانین هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و چارەسەری کێشەکان  و لە ئێستادا ئەمانە کاری لەپێشینەی لایەنەکان دەبێت”.

دوێنێ یەکشەممە 13ـی 6ـی 2022، بە فرمانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە و حەلبوسی هەمان رۆژ دەستلەکارکێشانەوەکانی پەسەندکرد.