کۆمپانیای گازپرۆمی رووسیا رایگەیاند، لەمڕۆ کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە رووسیا ناردنی گازی بۆ فینلەندان راگرت، بڕیارەکە لەلایەن کۆمپانیای ناوبراوەوە ئاراستەی کۆمپانیای Gasum Oil کراوە.
بەپێی وتەی شارەزایان، دوو هۆکار هەیە لەدیوی بڕیاری برینەوەی گاز لەلایەن رووسیاوە بۆ فینلەندا، یەکەمیان بابەتی داواکاری فینلەندایە بۆ چوونە نێو ناتۆ، دووەمیشیان رەتکردنەوەی پێدانی تێچووی گازە بە روبڵ ـی رووسی لەلایەن وەزارەتی کار و ئابووری فینلەندا.
لەلایەکی دیکەوە وزارەتی ناوبراو هاووڵاتیانی دڵنیاکردووەتەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە گەیاندنی گازی سروشتی بۆ ماڵەکان لە هەر بارودۆخێکدا بێت و هەوڵ دەدەن کاریگەریی ئەو بریارە کەم بکەنەوە.
دوا بەدوای جەنگی رووسیا لە دژی ئۆکراینا، بارودۆخی نەوت و گاز لەرووی نرخەوە بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، دواجار وەکو هەوڵدان بۆ خۆ گەرەنتیکردن لە هەر هەرەشەیەکی سەربازی، هەریەکە لە سوید و فینلەندا داوایان کرد ببنە ئەندامی هەمیشەیی هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەڵام هەرزوو ئەم داواکارییە لەلایەن تورکیاوە رەتکرایەوە و لە ئێستادا دانوستاندنەکان بۆ رازیکردنی تورکیا بەردەوامە.