بە ئامادەبوونی 253 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دەستیپێکرد.
لەئێستادا پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتی پەرلەمان لەناو هۆڵی پەرلەمانن و کۆبوونەوەی متمانەدان بە حکومەتەکەی سوودانی دەستیپێکرد.
کابینەی نوێ حکومەتی عێراق لە 23 وەزارەت پێکدێت و بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمان دەنگ بە بەربژێری 21 وەزارەت بدرێت کە پێشتر رێککەوتنی لایەنەکانی لەسەر کراوە و دوو وەزارەتەکەی دیکەش بریتین لە (ژینگە- ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکرد) کە تاکو ئێستا بربژێری بۆ دیارینەکراوە.
دوای زیاتر لە 12 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کابینە وەزارییەکەی پێشکێشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.


