دادگەی باڵای فیدڕاڵی بۆ ئەنجومەنی وەزیران: دەتوانن دەرمان و خۆراک بکڕن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • دادگەی باڵای فیدڕاڵی بۆ ئەنجومەنی وەزیران: دەتوانن دەرمان و خۆراک بکڕن

دادگەی باڵای فیدڕاڵی بۆ ئەنجومەنی وەزیران: دەتوانن دەرمان و خۆراک بکڕن

15ـى ئایارى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق پرۆژەیاسای پاڵپشتى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان لە پەرلەمان راگرت کە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە نێردرابوو.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
دادگەی باڵای فیدڕاڵی بۆ ئەنجومەنی وەزیران: دەتوانن دەرمان و خۆراک بکڕن
0

لایک

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، حکومەت دەتوانێت کاروبارى رۆژانە بەڕێبکات بە کڕینى دەرمان و خۆراک و دابینکردنى کارەبا، بەو مەرجەى لە چوارچێوەى یاسای ئیدارەى دارایی بێت کە یەکێک لە ماددەکانى حکومەت ناچار دەکات ژمێرەى کۆتایی خەرجى ساڵى رابردوو رادەستى پەرلەمان بکات بۆ پەسندکردنى.

لە رێکەوتی 17ـى ئایارى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق وەڵامى نووسراوێکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقى دایەوە کە رۆژێک بەر لەوە ئاراستەى کردبوو و تیایدا داواى روونکردنەوەى لێکردبوو لەبارەى بڕیارەکە بەوەى حکومەتى ئێستا کاربەڕێکەرە. نووسراوەکە ئەمڕۆ 19ـی مانگ بڵاوکرایەوە.

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە نوسراوەکەدا دەڵێت، حکومەتى ئێستا دەتوانێت بەردەوام بێت لە بەڕێکردنى کارى رۆژانە و گرتنەبەرى رێوشوێن و دەرکردنى ئەو بڕیارانەى کە دەبنە هۆى بەردەوامى کارى گشتى و پێشکێشکردنى خزمەتگوزارى بۆ هاووڵاتییان، بەڵام ئەو بڕیارانە ناگرێتەوە کە پاڵنەرى سیاسییان هەیە و کاریگەرییان لەسەر ئاییندەى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیى عێراق دەبێت، ئەوە جگە لە پێشنیازکردنى پرۆژەیاسا و واژۆکردنى گرێبەستى قەرزکردن و دامەزراندن لە پۆستە باڵاکان یان دوورخستنەوەى ئەو بەرپرسە باڵایانە و داڕشتنەوەى پەیکەرى وەزارەت و فەرمانگەکان کە ئەوانیش بەگوێرەى دادگەى باڵاى فیدراڵى رێگە پێنەدراو نین بۆ حکومەتى کاربەڕێکەر.

ئەوەش هاتووە، کە بەردەوامبوونى کارەکانى کەرتى گشتى بۆ فەراهەمکردنى خزمەتگوزارى بۆ هاووڵاتییان ئەم شتانە دەگرێتەوە: دەستەبەرکردنى خۆراک، دەرمان، کارەبا و ئاسایش؛ حکومەت پابەندە بە فەراهەمکردنى ئەو پێداویستییانە بە گوێرەى سیستەمى خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدەى تێکڕاى بودجەى خەرجکراوى ساڵى پێشوو تاکو ئەو کاتەى پرۆژەیاساى بودجەى 2022 پەسند دەکرێت.

جەخت لەوەشکردوووتەوە کە بۆ بەڕێکردنى کاروبارى رۆژانە پێویستە حکومەت پابەند بێت بە یاسای ئیدارەدانى دارایی کە بڕگەى سێیەمى ماددەى سێزدەى ئاماژە بەوەدەکات، “پێویستە حکومەت ژمێرەى کۆتایی بودجەى خەرجکراوى ساڵى رابردوو رەوانەى پەرلەمانى عێراق بکات بۆ ئەوەى پەرلەمان پەسندی بکات تاکو داتا و زانیارییەکانى ببنە بنەما بۆ خەرجکردنى بودجە لەو ساڵەى بودجەى گشتى تیادا پەسند ناکرێت”.

15ـى ئایارى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق پرۆژەیاسای پاڵپشتى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان لە پەرلەمان راگرت کە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە نێردرابوو.