ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر(ئەربیل) سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هەفتانەی شارەوانییەکانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت میکانیزمێک دابنرێت بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان.
لەوبارەیەوە ماڵپەڕی فەرمی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەمە 2021.2.27، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی جێگرانی پارێزگار و هەریەک لە سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕیوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرجەم بەڕێوەبەری شارەوانییەکان، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی هەفتانەی شارەوانییەکان ئەنجامدرا”.
شایەنی باسە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە ناونیشانی یەک تیمی کرا و هەروەها خۆشناو وتی، “دەبێت هەموو لایەکمان وەک یەک تیم کاربکەین بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتييان و دانیشتوانی شارەکەمان بەبێ جیاوازی و لەڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتییان ڕۆتین کەمبکرێتەوە و ڕێگە نەدرێت هیچ کەس و لایەنێک زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەر موڵکی گشتیی ئەنجامبدات”.
هەروەها پارێزگار ئومێد خۆشناو پاڵپشتى تەواوی پارێزگاى راگهیاند بۆ ڕێگەنەدان و لادانی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان و داواشیکرد میکانزمێکی دروست بۆ ئەوکارە بگیرێتەبەر.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و ئامادەبووانی کۆبوونەوە، گفتوگۆی لەبارەی کەم و کوڕی و ئەو لەمپەر و بەربەستانەکرا کە دەبنە کێشە لەبەردەم کارەکان، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر هەموو پاڵپشتی و هاوکاریەکی پارێزگای نیشاندا بۆ چارەسەرکردن و نەهێڵانی ئەو ئەو کێشە و کەم و کوڕی گرفتانە لە ئەنجامدانی کارەکان”.