وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ” بۆ ڕێگەگرتن لە دوبارە بونەوەو تەشەنەسەندنى ئەم ڕوداوە دڵتەزێنانە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى بۆ بەدواداچونى ڕەهەندە جیاجیاکانى ئەم ڕوداوە نەخوازراوە پێکهێناوە”.
دوا بە دوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە و تییدا ئاماژە بە رووداوەکەی زانکۆی سەڵاحەددین کراوە.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (2022/7/3) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى هەمو ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى نا ئاسایى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچو، کە تایبەت بو بە گفتوگۆکردن دەربارەى کەیسى مامۆستایانى بەغەدر شەهیدکراوان (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگری کۆلێژی یاسا و (د. ئیدریس حەمە خان) مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین– هەولێر”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەس هاتووە، “لەم کۆبونەوەیەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە، کەیسى شەهیدکردنى مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەدین – هەولێر، کەیسی وەزارەتەکەمان و تاک بەتاکی مامۆستایانى کوردستانە، چونکە بەزاندنى حەرەمى زانکۆ دەست بردنە بۆ پیرۆزییەکانى خوێندن و شێواندنى کلتور و بەهاو نۆرمە نیشتمانییەکانمانە، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت دڵنیایى دەدات بەسەرجەم کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان و هەمو خەڵکى کوردستان کە پێکەوە کار دەکەین بۆ پاراستنى سەروەرى یاساو بەدیهێنانى دادپەروەرى، هەروەها ئەنجومەنى وەزارەت داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات کە هاوکارى دادگا بن بۆ سەلامەتى پرۆسەى لێکۆڵینەوەکان تاوەکو بە بڕیارێکى دادپەروەرانە ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێندرێتەوەو سەبورى کەسوکارى قوربانیان بدرێت”.
شایەنی باسە لە راگەیەندراوەکەدا باس لە لێژنەیەکی تایبەت کراوە و تێیدا هاتووە، “هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى پێویستى دا بۆ ئەنجامدانى ڕێکارى پەروەردەیى و زانستى و یاسایی، بۆ ڕێگەگرتن لە دوبارە بونەوەو تەشەنەسەندنى ئەم ڕوداوە دڵتەزێنانە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى بۆ بەدواداچونى ڕەهەندە جیاجیاکانى ئەم ڕوداوە نەخوازراوە پێکهێناوە”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دڵنیایى دەدات هەمو هەوڵێک دەخەینەگەڕ، لەپێناو پاراستنى ناوەندەکانى خوێندن و شکۆى مامۆستایان و ژینگەى خوێندن، بۆ ئەم مەبەستەش داوامان لە پەرلەمانى کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکانى حکومەت و ئەنجومەنى دادوەرى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان هەیە، کە لەم پرسەدا هاوکار و هەماهەنگى وەزارەتەکەمان و ناوەندە زانستییەکانى وڵاتەکەمان بن”.