وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی ڕایگەیاند، زۆرینەی هاوڵاتیانی ئێران دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە بێ ئەنجام دەزانن و داوای لێ دەکەن بە قەسەکانیان هەڵنەخەڵەتێت، جەختیشی کردەوە ئەوان ئێستاش ئامادەی دانوستانن .
ئەمڕۆ چوارشەممە، رێكەوتی ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٥، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا دەستبە گفتوگۆکان بکاتەوە، بەڵام بەو مەرجەی دڵنیایی بدەنێ کە لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشی ناکەنە سەر.
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵکی ئێران لە ئەمریکا بێهیوا بوون و بە خودی خۆم دەڵێن، بە بەڵێنەکانی واشنتۆن فریو نەخۆیت، وتوشیەتی، ئەوان پێیان وایە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا کات کوشتنە.
وەزیرەکەی ئێران جەختیشی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی لە رابردوودا بەسەریاندا هات، تاران هێشتا ئامادەی دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
لە چاوپێکەوتنەکەدا، عێراقچی جارێکی دیکە داوای لە ئەمریکا کرد کە قەرەبووی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و زیانەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەیی وڵاتەکەی بکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو داواکارییەکەی عەباس عێراقچی بۆ قەرەبوکردنەوەی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بە گاڵتەجاڕانە وەسف کردبوو.