خالید شوانی: کار دەکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان دابەش بکەین لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییان

خالید شوانی: کار دەکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان دابەش بکەین لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییان

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
خالید شوانی: کار دەکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان دابەش بکەین لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییان
0

لایک

خالید شوانی وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، کار لەسەر گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە خالید شوانی بە فەرمی وەکو وەزیری دادی عێراق دەستبەکاربوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەرخستنی پارە یەکێکە لە ئەولەویاتی ئەم کابینەی حکومەت، وەزارەتەکەمان بە جددی کار دەکات، بەرپرسیارییەتی خۆمان وەردەگرین، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی عێراق بکەین لەلایەنی یاسایی و دادوەری لە بەرامبەر دادگاکانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو پارانەی بردراون یان دزراون”.

ئەوەشی راگەیاند، “کار دەکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان دابەشبکەین، بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرانی وەزارەت دەسەڵاتیان هەبێت و کارنامەی حکومەت جێبەجێ بکەین، لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییان”.

خالید شوانی جەختی لەوەکردەوە، لە کابینەی رابردوودا کاری باش لە وەزارەتی دادی عێراق کراوە و ئەوان درێژەپێدەری دەبن و وتی، “خاڵی گرنگی ئێمە بۆ کارکردن لەم وەزارەتە ئەوەیە حکومەتەکە حکومەتێکی خزمەتگوزارییە و پێویستە ئەم وەزارەتە خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات، خزمەتگوزارییەکانی ئێمە خزمەتگوزاری دادیین، نابێ هاووڵاتییان لەبەردەم وەزارەت بمێننەوە، بەڵکو دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا کاروبارەکانیان رایی بکرێن”.