سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێویست بە پرۆسەی دەنگدان لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر ناکات و هەر ئەندامێک دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێتییەکەی نامێنێت.
لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە عەمان ـی پایتەختی ئوردن ئاماژەی بە دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجومەن کرد و رایگەیاند کە لایەنەکان بەردەوام دەبن لە پێکهێنانی حکومەت.
هاوکات حەلبوسی باسی لەوە کرد کە هەوڵیان داوە بۆ پاشگەزکردنەوەی سەدر لە بڕیارەکەی و وتی، “ئەو پێی باش بوو ببێتە قوربانی نەک پەکخەر”.
لەبارەی پرۆسەی دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر، حەلبوسی رایگەیاند، “بەگرنگی دەزانین هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و چارەسەری کێشەکان و لە ئێستادا ئەمانە کاری لەپێشینەی لایەنەکان دەبێت”.
دوێنێ یەکشەممە 13ـی 6ـی 2022، بە فرمانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە و حەلبوسی هەمان رۆژ دەستلەکارکێشانەوەکانی پەسەندکرد.