محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواى لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران کرد بڕى هەناردەى گازى سرووشتى بۆ عێراق زیاد بکەن.
حەلبوسی دوێنێ چوارشەممە 27 نیسان 2022 لە تارانى پایتەختى ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى محەممەد حەلبووسی، سەبارەت بە دیدارەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو دیدارەدا حەلبوسی داواى لە بەرپرسە ئێرانییەکە کردووە بڕى هەناردەى گازى سرووشتیى ئێران بۆ عێراق زیاد بکەن، کە داواکاریی وەزارەتى کارەباى عێراق بووە.
ئێستا ئێران بڕى هەناردەى گازى سرووشتیى رۆژانەى بۆ عێراق کەمکردووەتەوە لە نزیکەى 50 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ کەمتر لە سێ میلۆن مەتر سێجا، کە سەرچاوەى سەرەکیى بەرهەمهێنانى کارەبایە لە عێراق.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیرى دەرەوەى ئێران تاوتوێى کێشەى ئاسایشى ئاو و چارەسەرکردنى کێشەکانى ژینگەیان کردووە.
جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حەلبووسی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران و هەریەک لە سەرۆکى ئەنجوومەنى شوورا کۆبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی نیسان حەلبووسی و شاندەکەى یاوەرى، کۆتاییان بە سەردانەکەیان هێنا و گەڕانەوە عێراق.